ناکۆکی لەسەر چییە؟

بڕگەی هەمواری یاسای باری کەسێتی بەهۆی بوونی ناکۆکی هەڵگیرا

964+
ئەحمەد مستەفا

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، “بەهۆی هەبوونی ناکۆکی و لەسەر داوای ژمارەیەک پەرلەمانتار بڕگەی هەمواری یاسای باری كەسێتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵگیرا”.

هەمواری یاسای باری كەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959 یەكێك لە بڕگەكانی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24.7.2024، کاروان یاروەیس، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە 964ی وت، “بەهۆی بوونی نارەزایی ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە، بڕگەی هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق لە خشتەی دانیشتنی پەرلەمان هەڵگیرا”.

بوونی ناکۆکی بەهۆکاری زەقکردنەوەی مەزهەب بووە لە هەموارەکەدا، کە دیاری کراوە دەبێت کەسەکە مەزهەبی هەڵبژێرێت.

دانیشتنەكە چەند بڕگەیەكی دیكەی تێدابوو، بڕگەكانیش بریتیین، لە هەمواركردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی، هەمواركردنەوەی یاسای باری شارستانی، خانەنشینی حەشدی شەعبی، یاسای ناوبژیوانیكردن، پێشنیاری هەمواركردنەوەی یاسای زیندانیانی سیاسی و یاسای موڵكایەتیی ساڵی 1960.

هەمواری یاسای باری کەسێتی ئەم پێشنیارانەن؛ 

– دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.

– هەرکەسێک پێشتر ئەوەی نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکەش بکات.

– ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوسەرەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.

– دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن، پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسێتی دروستبکەن.

– تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.

– ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەویی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجومەنی زانستیی و فەتوا وەردەگیرێت.

خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە:

دادگەی باری کەسی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری پەسەند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سونە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسەنددەکرێن.

لە هۆکارەکانی دەرچوواندنی هەموارەکەدا هاتووە؛ لەگەڵ مادەی دووی دەستوور دەگونجێت و مادەی 41ـیشی کە دەڵێت عێراقییەکان ئازادن لە دیاریکردنی مەزهەبەکانیان.