داواكارییان چییە؟

دانیشتووانی گۆپتەپە رێگەی نێوان سلێمانی – هەولێر یان داخست

+964
عەزیز گۆپتەپەیی

دانیشتووانی گوندی كۆپتەپەی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر، بەهۆی کەمیی خزمەتگوزاریی کارەبا و خراپیی رێگەوبانەکان، رێگەی سەرەکیی نێوان سلێمانی – هەولێریان داخست، هاوڵاتییەكیش دەڵێت حکومەت تا ئێستا بە دەم داواکارییەکانیانەوە نەهاتووە.

شڤان گۆپتەپەپی، یەکێکە لە دانیشتووانی گوندی گۆپتەپە و بۆ 964 وتی، کێشەی کەمیی کارەبا و نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپیی رێگەوبان، وای لێکردوون رێگ بگرن و نەهێڵن هیچ بارهەڵگرێک بەو رێگەیەدا بڕوا تا وەڵامێک وەرنەگرن.

وتیشی، “بە هۆی رێگەگرتنی رێگەی سەرکەڵکی سەر بە ناحیەی تەقتەق بارهەڵگرێکی  زۆر هاتووەتە ئەو رێگەیە، ئەوەش وای کردووە رێگەکەمان چەند خراپە، چاوەڕوان دەکەین لەوەش خراپتربێت”.
گوندی گۆپتەپە  سەر بە ناحیەی ئاغجەلەرە و تەنیا 12 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە، گەورەترین گوندە لە سنووری ناحیەکەدا

شڤان گۆپتەپەپی ئەوەشی باس كرد، چەند جارێک لایەنی ئیداریی ناوچەکەیان ئاگادارکردوەتەوە دەربارەی کێشەکانی گوندەكەیان، بەڵام هیچ کەس خۆی ناکات بە خاوەنیان.
ئەو وتی، “تەواو بێزار بووین بۆیە پەنامان بردووەتە بەر داخستنی رێگەکە و تا وەڵامێک وەرنەگرین، ئێرە چۆڵ ناکەین”.

لە ماوەی رابردوودا 964 بەدواداچونی بۆ کەمیی کاتژمێرەکانی کارەبا کرد لەو سنوورەدا،  بە وتەی بەڕێوەبەری کارەبای ئاغجەلەر هۆکارەکەی بۆ زۆربوونی پڕۆژەكانی حەوزی ماسی دەگەڕێتەوە و هەوڵیش دەدەن چارەسەری بكەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

دانیشتووانی گوندێك رێگای تەقتەق - ئاغجەلەریان داخست

دانیشتووانی گوندێك رێگای تەقتەق - ئاغجەلەریان داخست