لە ئیدارەى راپەڕین
کەروێشکێکى بریندار دواى چارەسەرکردن گەڕێندرایەوە ناو سروشت
964+
وریا فەتاح
کارمەندێکى پۆلیسى دارستان و ژینگەى راپەڕین دواى ئەوەى کەروێشکێک تیمار دەکات، ئەمڕۆ گەڕاندییەوە بۆ ناو سروشت.
پۆلیسى دارستان و ژینگەى راپەڕین بڵاوى کردەوە، کارمەندێکیان بەناوى ئالان ئەرسەلان، چەند رۆژ لەمەوبەر کەروێشکێکى بریندار دەبینێت کە تواناى رۆشتنى نەمابوو، بۆ چەند رۆژێک لاى خۆیى دەیهێڵێتەوە و چارەسەرى پێویستى بۆ دەکات و ئەمڕۆ گەڕاندییەوە بۆ ناو سروشت.
پۆلیسى دارستان و ژینگە وێڕاى سوپاس و پێزانینیان بۆ ئەو کارمەندە، داواش دەکەن ئەو کەسانەى راوى باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان دەکەن چاو لەو کارمەندەیان بکەن.
لە گرتە ڤیدیۆى ساتى گەڕاندنەوەى کەروێشکەکە بۆناو سروشت، ئەو کارمەندەى پۆلیسى دارستان و ژینگەى راپەڕین دەڵێت: کەروێشکەکە لەناو تێل و پەرژینى یەکێک لە باخەکان گیرى خواردبوو و نەیدەتوانى بڕوا و چەند برینێک لەسەر جەستەى دروست ببوو.
باس لەوەش دەکات، لە خەمخۆرى بۆ ژینگە و وەک ژینگە پارێزێک چەند رۆژێک لاى خۆى هێشتوویەتییەوە و چارەسەرى کردووە.