964 بەدواداچوونی كرد

بۆچی دۆلاری سپی لە بازاری سلێمانی وەرناگیرێت؟

+964

دیلان محەمەد جەزا

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە گرفت لە ئاڵوگۆڕی جۆرێکی دیاريکراوی دۆلار لە بازاری سلێمانی دروست بووە، ئەوەی پێی دەوترێت دۆلاری سپی یان زەرد، لە هەندێک شوێن لە هاوڵاتیان وەرناگیرێت.

964 سەردانی چەند دوکانێکی ئاڵوگۆری دراوی لە سلێمانی کرد، ئەوان باسیان لەوەکرد، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە لە بازاری دۆلارەکەی سلێمانیەوە پێیان وتراوە بە رێژەیەکی کەم دۆلاری جۆری کۆن وەربگرن.

لەسەر ئەم بابەتە جەبار گۆران وتەبێژی بازاری دۆلاری سلێمانی بە 964 وت، بڕیاری وەرنەگرتنی دۆلاری چاپی کۆن کە بە دۆلاری سپی ناسراوە دەگەرێتەوە بۆ هاتنی رێژەیەکی زۆری ئەو جۆرە دراوە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە، بە شێوەیەک خەریک بوو دۆلاری شین لە بازاڕدا نەدەما.

باسی لەوەش کرد، لە ئەنجومەنی بازاڕی دۆلارەکە، بڕیاردرا دۆلارە کۆنەکە وەربگیرێت، بەڵام بە شێوەیەکی کەم، لە 10 هەزار دۆلار تەنیا سێ هەزار دۆلاری چاپی کۆن بێت و حەوت هەزار دۆلاری چاپی تازە بێت.

هەروەها وتی، پێشتر ئالوگۆڕ بە چاپی کۆنی دۆلارەوە بەرەو جیاوازی نرخ دەرۆیشت و بە نرخێکی کەمتر دەگۆڕدرایەوە، بۆ ئەوەی جیاوازی نرخیش دروست نەبێت، بڕیاردرا بە رێژەیەکی کەمتر وەربگیرێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

دۆلار و زێڕ دابەزین

دۆلار و زێڕ دابەزین