به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى عه‌ربه‌ت:

“شاره‌وانیی سلێمانى سه‌گى گه‌ڕى له‌ سنوورى ناحیه‌كه‌مان به‌ڕه‌ڵا كردووه‌”

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى عه‌ربه‌ت ده‌ڵێت، شاره‌وانیى سلێمانى ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌گى گه‌ڕى له‌ سنوورى ناحیه‌كه‌یان به‌ڕه‌ڵا كردووه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشی له‌ ناحیه‌كه‌یان، له‌ به‌رامبه‌ریشدا وته‌بێژى شاره‌وانیى سلێمانى ئه‌مه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ شاره‌وانییه‌كه‌یان كارێكى وای كردبێت.

964 دوو گرته‌ ڤیدیۆى ده‌ستكه‌وتووه‌، سه‌گى به‌ڕه‌ڵا و گه‌ڕ له‌ناو سه‌نته‌رى ناحیه‌ى عه‌ربه‌تدا ده‌بیندرێن، له‌ سۆشیاڵ میدیاكانى ئه‌م ناحیه‌یش بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بوونى ئه‌م سه‌گانه‌ مەترسیدارن، چونكه‌ ژمارەیەکی زۆریان تووشی نەخۆشی (گەڕ)ی بوونه‌ و لە هەموو کوچە و کۆڵان و پارک و نزیک دەرگای ماڵەکانى ناحیه‌ى عه‌ربه‌تدا دەبینرێن.

دابان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى عه‌ربه‌ت به‌ 964ـى راگه‌یاند، شاره‌وانیى سلێمانى ئه‌م سه‌گه‌ گه‌ڕانه‌ى بۆ سنوورى ناحیه‌كه‌یان هێناوه‌ و به‌ڕه‌ڵاى كردوون.

وتیشی “شه‌وى 12.9.2024 ئه‌م سه‌گانه‌ له‌ رێگه‌ى شاره‌وانیى سلێمانییه‌وه‌ هێندراونه‌ته‌ ناحیه‌كه‌مان، كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ى 60 دانه‌ ده‌بێت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئه‌م كاره‌ى شاره‌وانیى سلێمانى كردوویه‌تى “نابه‌جێیه‌” و چه‌ند جارێك له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردوون، به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌داونه‌ته‌وه‌ و ده‌شڵێت “به‌م زووانه‌ رووبه‌ڕووى دادگایان ده‌كه‌ینه‌وه‌”.

روونیشیكرده‌وه‌، پێشتر له‌ كاتى كۆكردنه‌وه‌ى سه‌گى بێلانه‌، سه‌گه‌كانى سنوورى عه‌ربه‌تیان كۆكردوونه‌ته‌وه‌، به‌ نووسراو داوایان له‌ شاره‌وانیى سلێمانى كردووه‌ له‌  شه‌ڵته‌ره‌كه‌یان وه‌ریان بگرن، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوون و قبوڵیشیان نه‌كردووه‌.

لای خۆیه‌وه‌ زه‌رده‌شت ره‌فیق، وته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تیى شاره‌وانیى سلێمانى بۆ 964 ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه‌، ئه‌وان سه‌گیان له‌ سنوورى ناحیه‌ى عه‌ربه‌ت به‌ڕه‌ڵا كردبێت، ده‌ڵێت “ئه‌مه‌ دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌”.

وتیشی “ئێمه‌ شه‌ڵته‌رمان هه‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ى سه‌گه‌ بێلانه‌كانى ناو سه‌نته‌رى سلێمانى، هه‌ر سه‌گێك كۆبكرێته‌وه‌ ده‌یبه‌ینه‌ ئه‌و شه‌ڵته‌ره‌وە”.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌گى بێلانه‌ى ناحیه‌ و قه‌زاكانى سنوورى سلێمانى له‌و شه‌ڵته‌ره‌ كۆبكرێنه‌وه‌ ئه‌وا شوێنیان نابێته‌وه‌، بۆیه‌ تایبه‌ت كراوه‌ به‌ سه‌گه‌ بێلانه‌كانى ناو سه‌نته‌رى پارێزگا.

له‌ پردێ لیژنه‌كان سه‌گى به‌ڕه‌ڵا ژه‌هرخوارد ده‌ك...

له‌ پردێ لیژنه‌كان سه‌گى به‌ڕه‌ڵا ژه‌هرخوارد ده‌كه‌ن