"نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌ ئێرانه‌وه هاتووه‌"‌

80%ـى هه‌نگه‌كانى باڵه‌كایه‌تى تووشی نه‌خۆشییه‌كی ئه‌مریكی بوونه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌یه‌كه‌ هه‌نگه‌وانه‌كانى سنوورى باڵه‌كایه‌تى به‌ده‌ستى نه‌خۆشییه‌كی نوێی كه‌ توشی هه‌نگه‌كانیان بووه‌ ده‌ناڵێنن، كشتوكاڵ بۆى ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ ئه‌مریكییه‌ به‌ڵام له‌ ئێرانه‌ هاتووەته‌ سنووره‌كه‌یان و تووشی مێشهه‌نگوینه‌كان بووه‌.

ڤاروا، نه‌خۆشیه‌كی باوه‌ كه‌ ساڵانه‌ تووشی هه‌نگه‌كانى هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستا تووشی هه‌نگه‌كانى باڵه‌كایه‌تى بووه‌، نه‌خۆشییه‌كی دیكه‌یه‌.

دڵشاد حسێن ئیبراهیم، به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵى چۆمان، بۆ 964 ئاشكراى كرد كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ ناوى (به‌چكه‌گه‌نى ئه‌مریكی)یه‌ و راسته‌وخۆ تووشی شیله‌ى هه‌نگه‌كان ده‌بێت.

وتیشی “ئه‌م نه‌خۆشییه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ ناو مێشه‌كانى سنوورى باڵه‌كایه‌تى”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، ئێستا له‌گه‌ڵ تیمێكیان سه‌رقاڵى به‌داوادچوون بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م نه‌خۆشییه‌ و بۆ ئه‌م مه‌بسته‌ش رێنمایی پێویست ده‌ده‌نه‌ هه‌نگه‌وانه‌كان و بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رمان بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م نه‌خۆشییه‌ دابین بكه‌ن.

به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵ، زیاتر له‌ هه‌زار هه‌نگه‌وان له‌سنوورى باڵه‌كایه‌تیدا هه‌یه‌ و به‌شێكیان له‌ سنووره‌كانى قه‌ڵادزێ و رانیه‌ مێشه‌كانیان بۆ كوێستانه‌كانى سنووره‌كه‌یان هێناوه‌ كه‌ ئه‌وانیش مێشه‌كانیان هه‌ڵگرى هه‌مان نه‌خۆشین.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌وان نووسراو بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى كشتوكاڵى سۆران ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى خاوه‌ن مێشه‌كان بتوانن ده‌رمانى چاره‌سه‌رى دابین بكه‌ن و ده‌شڵێت “80% مێشه‌هه‌نگه‌كانى سنوورى باڵه‌كایه‌تى تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بوونه‌”.

خه‌ریكه‌

خه‌ریكه‌ "ڤاروا" هه‌نگه‌كانى كوردستان له‌ناوده‌بات