دەزگای ئاسایشی هەرێم
“تۆڵەى شەهیدەکەى دوێنێى قەرە هەنجیرمان کردەوە”
964+
وریا فەتاح
دەزگاى ئاسایشى هەرێم دەڵێت، تۆڵەى ئەو کارمەندەى ئاسایشى قەرەهەنجیریان کردووەتەوە کە دوێنێ لە رووبەڕووبونەوەکەى قەرەهەنجیردا لەگەڵ چەکدارانى داعش، گیانى بەخشى.
دەزگاى ئاسایشى هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردەوە، “لەسەر بنەمای زانیاری ووردی هەواڵگری پاڵپشت بە لێکۆڵێنەوەکان لەگەڵ تیرۆریستی دەستگیرکراو، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهەماهەنگی هێزە ئەمنییەکانی عیراق، پاش دیاریکردنی حەشارگە و مۆڵگەکانی داعش لەسنوری (چیای زەمبور )ـی قەزای داقوق لە رۆژی 14.7.2024، بۆردومانکران و لەئەنجامدا سەرجەم تیرۆریستان لەناوبران و مۆڵگەکانیان بەتەواوی خاپوورکران”.
وەک ئەوەى دەزگاکە باسى دەکات، چالاکییە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و فرۆکە جەنگییەکانی عیراق بەفرۆکەی (F-16)ئەنجامدرا، لەهەمان رۆژدا تۆڵەى جوانمێر عەزیز، ئەو کارمەندەى ئاسایش کە لە رووبەڕووبونەوەکەى دوێنێ قەرەهەنجیر لەگەڵ چەکدارانى داعش، شەهید بوو.
دوێنێ یەکشەممە، لە ناحیەى قەرەهەنجیر رووبەڕووبوونەوە لە نێوان کارمەندانى ئاسایش و دوو چەکدارى داعش روویدا و لە ئەنجامدا کارمەندێکى ئاسایش بەناوى جوانمێر عەزیزن گیانى بەخشى و چەکدارێکى داعش کوژرا و ئەوەى تریش بە بریندارى دەستگیرکرا.