منداڵێک کەوتە ژێر تراکتۆری گواستنەوەی ئاوی ماڵان و گیانی لەدەستدا
964+
شۆڕش هەرکی— هەولێر
نزیک کاتژمێر 12ـى شەوی رابردوو، منداڵێک لە ناحیەی بەحرکەی هەولێر، دەکەوێتە ژێر تراکتۆری گواستنەوەی ئاوی ماڵان و گیان لەدەست دەدات.
منداڵەکە تەمەن نۆ ساڵانەو ماڵیان لە گەڕەکی بەهارە لەم ناحیەیە.
کاروان گەردی، مامی ئەو منداڵە بە 964ـى وت، برازاکەی قوتابی پۆلی چوارەمی بنەڕەتی بووە و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیان گیانی لەدەستداوە.
وتیشی “کاتێک تراکتۆری گواستنەوەی ئاوی ماڵان بەوێدا هاتووە، لە لای پشتەوە کەوتۆتە سەرسەری و دەمودەست گیانی لەدەستداوە”.
ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی کەمی و نەبوونی ئاو بەردەوام دانیشتوانی ناحیەی بەحرکە بە تانکەر ئاو دەکڕن و ئەمەش یەکەمین حاڵەتی لەوشێوەیە رووبدات.