نەشتەرگەرییەکى دەگمەن
لە دهۆک گرێیەکی 6.5 کیلۆگرامی لە سکی ژنێک دەرهێنرا
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک بڵاویکردەوە، لە نەشتەرگەرییەکدا لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبوون لە شاری دهۆک، توانرا گرێیەک بە کێشی 6.5 کیلۆگرام لە سکی ژنێک دەربهێنرێت.
تەندروستى دهۆک دەڵێت: دوای ئەوەی ئافرەتێکی تەمەن 23 ساڵان بەهۆی ئازاری سک و تەنگەنەفەسییەوە سەردانی نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبوونی کردووە، دەستبەجێ پشکنینی پێویستی بۆ ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە کە گرێیەکی گەورە لە سکیدایە.
” تیمێکی پزیشکی بە سەرپەرشتی پزیشکان (د. دڵین ئەنوەر سدیق) و (د. سنار) دەستیان بە نەشتەرگەرییەکە کردووە و توانیویانە بە سەرکەوتوویی ئەو گرێیە کە کێشەکەی 6 کیلۆ و نیو دەبوو، لە سکی ئەو ئافرەتە دەربهێنن”، تەندروستى دهۆک وا دەڵێت:
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە گرێیەکە بە مەبەستی پشکنینی زیاتر رەوانەی تاقیگە کراوە. سەبارەت بە دۆخی ژنەکەش، ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئێستادا رەوشی تەندروستیی نەخۆشەکە زۆر باشە و لەژێر چاودێریی پزیشکەکاندایە.