دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا - وێنە؛ میدیای ئەمریکا
"بەو مەرجەی بەخێرایی بگەین بە رێککەوتنێک"
ترەمپ: لەسەر داوای ئێران و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێرشەکانمان راگرت
شۆڕش قادری
ترەمپ دەڵێت، لەسەر داوای ئێران و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕیاریداوە هێرشەکان رابگرێت، بەو مەرجەی بەخێرایی بگەن بە رێککەوتنێک.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە دوا پۆستی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ نووسیویەتی، “ئەمریکا تەیار و ئامادەیە تا بەو پەڕی هێزەوە و لە ئاستی تیرۆری سەربازیی دژی ئێران بڕیار بدات، بەشێوەیەک کە لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمەوە نەبینراوە، سەرەڕای ئەوەش، ئێران و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوایان لێکردووین لە چواچێوەی رێککەوتننامەیەک کە لەسەری رێککەوتووین، هەموو هێرشێک رابگرین، ئەوەش کردنەوەی خێرا و تەواوەتی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران لەخۆ دەگرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر ئەو داواکارییە و لەبەر بەرژەوەندیی داهاتووی جیهان و هەروەها مانەوەی ئێرانێکی ئاوەدان و خۆشگوزەران، رازی بووە هێرشەکان رابگرێت، بەو مەرجەی بە خێرایی بگەنە رێککەوتنێک.
ترەمپ راشیگەیاندووە، لەو بوارەدا ئیسرائیل هاوکاری دەکات، بۆیە پێویستە هەمووان دەستبەکار ببن و کارەکە ئەنجام بدن.
لە چەند رۆژی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ بەردەوام هەڕەشەی لە ئێران دەکرد و دەیگوت، بەتوندی لێیان دەدەن و گورزی کوشندە لە ژێرخانی ئابووری و وزەی ئەو وڵاتە دەوەشێنن.