بەڕێوەبەری ئاو بۆ 964
بۆری ئاوی ئیفرازی 3ی هەولێر کەمتر لە 24 کاتژمێری دیکە چاکدەکرێتەوە
+964
شۆڕش هەرکی- هەولێر
تیمەکانی شارەوانی بۆریی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر لە نزیك قەزای عەنكاوە بە کەمتر لە 24 کاتژمێر چاکدەکەنەوە و بەڕێوەبەری ئاویش رایدەگەیەنێت، سەرجەم ئەو گەڕەکانەی دەکەونەسەر ئەم پرۆژەیە بێ ئاودەبن
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆریی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر لە نزیك قەزای عەنكاوە تەنیشت شەقامی خزمەتگوزاری تەك شەقامی 120 مەتری شكا و بەهۆیەوە ئاوێکی زۆر رژایە شەقامەکە و ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ بەشێک لە شۆفێران دروست کرد، رابهر حوسێن، بهڕێوهبهری ئاوی ههولێر بە 964ی وت، “کەمتر لە 24 کاتژمێر بۆڕی ئاوی پرۆژەی ئیفراز سێ چاکدەکرێتەوە و سەرجەم ئەو گەڕەکانەی دەکەونەسەر ئەم پرۆژەیە بێ ئاودەبن”.
ماوەی ساڵ و نیوێک زیاترە لە هیچ شوێنێک بۆری پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ نەشکاوە، ئەو شوێنەی ئەمڕۆ لێی شکابوو یەکەمجارە لەو جێگایە دەشکێت، پێشتر چەند جارێک و لەچەند شوێنێکی جیاواز شکاوە.
پرۆژەی ئیفرازی سێ 40%ـی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی شاری هەولێر دابین دەكات، بەشی زۆری ئەو گەڕەکانەی دەکەونە دەرەوەی بازنەی شەقامی 100 مەتری دەیانگرێتەوە، وەک حەسارۆکان، فەرمانبەران، باداوە، زانکۆ، هەولێری نوێ، گوڵان، هەڤاڵان و قەڵاتی نوێ چەندین گەڕەکی دیکە.
پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە ساڵی 2007 تەواوکرا و گەیشتە ناو ئەو گەڕەکانەی سەرەوەی هەولێر.
پێداچوونەوە : پەری ساڵح