بۆچى؟

پزیشکیان و تمەن سەرکەوتن

964+

وریا فەتاح

پرسیارى سەرەکى هاوڵاتیانى ئێرانى و دەرودراوسێ ئەوە بوو کە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئێران چى لە بەهاى تمەن دەکات، بەڵام بە سەرکەوتنى کاندیدى ریفۆرمخوازەکان، ئاماژەکان بۆ ئەوەن دۆخى تمەن باش ببێت.

دوێنێ لە کاتى داخستنى بۆرسەى دراو، 100 دۆلار بە شەش ملیۆن و 50 هەزار تمەن مامەڵەى پێوەکرا، بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنى پزیشکیان ئەمڕۆ 100 دۆلار بە پێنج ملیۆن و 850 هەزار تمەن مامەڵەى پێوە دەکرێت، بەمەش 200 هەزار لە نرخى تمەن بەرز بووەتەوە

هەرزوو شارەزایانى ئابوورى ئێران مەترسى خۆیان پیشاندا لە سەرکەوتنى سەعید جەلیلى، چونکە پێیان وایە ئەو نەریتخوازە سیمبولى دژایەتیکردنى رێککەوتنى ئەتۆمییە و یەکێکە لە گەورەترین کەسایەتییەکان کە دوژمنایەتی هەر کەسێک دەکات فۆڕمی پەیوەندی و پەیوەندی لەگەڵ رۆژئاوا بە گشتی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تایبەتی، ئاسایى بکاتەوە.

عەباس عەبدی نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی هەفتەى رابردوو وتارێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ئەوەى خستووەتەڕوو، کە هەموو کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێران پەیوەستە بە یەک بابەتی ناوەندییەوە، ئەویش قەیرانی عەقڵیەتی دەسەڵاتدارە، کە لەسەر ئەو پرەنسیپە مامەڵە لەگەڵ هەمووان دەکات، کە هەرکەسێک لەگەڵم نەبێت دوژمنی منە و جەلیلیان سەر بەو عەقڵییەتەیە، کە ئەمەش لە بەرژەوەندى دۆخى ئابووریدا نییە.

لە رۆژنامەی (شرق)دا، دیپلۆماتکاری پێشووی ئێران کوورش ئەحمەدی وتارێکى بڵاو کردووەتەوە، مەترسى خۆى پیشاندابوو لە سەرکەوتنى جەلیلى، بە وتەی ئەو دیپلۆماتکارە، کاریگەرییە خراپەکانى سەرکەوتنى جەلیلى لە بازاڕی تمەنی ئێراندا رەنگ دەداتەوە و نووسیویەتى،”ئەگەر جەلیلى سەربکەوێت هەر لە یەکەم رۆژەوە تمەن بەرەو دابەزینى زیاتر هەنگاو دەنێت”.

بازاڕى دۆلارەکەى سلێمانى تمەن دایپۆشیوە و یەکێکە لە بازاڕە گەورەکان بۆ مەمەڵەکردن بە تمەن و زۆر جار کاریگەرى لەسەر بەهاى تمەن دروست دەکات، جەبار گۆران، وتەبێژى بازاڕەکە بە 964ـى وت، بازاڕى تمەن گەرمە و هەر بەرز دەبێتەوە.

ئەو بە جەختکردنەوە لەوەى “تمەن بەرز دەبێتەوە”، قسەى بۆ 964 کرد و باسى لەوەکرد کە سەرکەوتنى کاندیدى ریفۆرمخوازەکان یەکەمجار تمەن قازانجى لێدەکات.

بۆچى سەرکەوتنى مەسعود پزیشکیان لەبەرژەوەندى تمەندایە؟

هەرچەندە لەگەڵ سەرکەوتنى پزیشکیان نرخى تمەن بەرز بووەوە، بەڵام هەموو لێکدانەوەکان بۆ ئەوەن کە ئەو ریفۆرمخوازە لە بەرژەوەندى تمەن هەنگاو دەنێت، ئەو جگە لەوەى کە لە بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا زۆر جەختى لەوە دەکردەوە کە دەیەوێت بەها بۆ تمەن بگێڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ریفۆرم خوازەکان کراوەترن لەگەڵ دنیاى دەرەوە و ئەورووپا و تێگەشتنێکى نەرمتریان بۆ رێککەوتنى ئەتۆمى هەیە کە هەموو ئەمانە لە بەرژەوەندى بەهاى تمەندان.

دوێنى خولى دووەمى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئێران بەڕێوەچوو کە تێیدا مەسعود پزیشکیان کاندیدى ریفۆرمخوازەکان متمانەى دەنگى ئێرانییەکانى بەدەستهێنا و بەسەر سەعید حەلیلى کاندیدى نەریتخوازەکاندا سەرکەوت.

نوێکردنەوە کاتژمیر 2:55 خولەکى دوانیوەڕۆ:

100 دۆلارى ئەمەریکى بە پێنج ملیۆن و 900 هەزار تمەن مامەڵەى پێوە دەکرێت.

پزیشکیان سەرۆک کۆمارى ئێرانە

پزیشکیان سەرۆک کۆمارى ئێرانە