لە ناحیەی بێتواتە

بەدواداچوون بۆ ڤۆڵتییەی مۆلیدە ئەهلییەکان دەکرێت

پێشەوا محەمەد

لە ناحیەی بێتواتە بەدواداچوون بۆ ڤۆڵتییەی مۆلیدە ئەهلییەکان دەکرێت، لیژنەی تایبەت بە مۆلیدە ئەهلییەکانی قایمقامیەتی رانیە بەدواداچوونەکەی ئەنجام داوە.

قایمقامیەتی رانیە هەڵمەتێکی بۆ ناحیەکان دەستپێکردووە و بەدواداچوون بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان دەکات، تا دڵنیابێت ڤۆڵتییەی تەواو بە هاوڵاتیان دەگات و دەستکاری نەکراوە.

ئیبراهیم مەحمود، بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە بە 964ـی راگەیاند، ئەوان پێشتریش بە نووسراوی فەرمی داوایان لەو لیژنەیەی قایمقامیەتی رانیە کردووە تا بچن و ئەو بەدواداچوونە بکەن.

وتیشی، “هیچ سکاڵایەک نەبووە، بەڵام وا باشترە ناوە ناوە ئەو بەدواداچوونە بکرێت تا ئەگەر خاوەن مۆلیدەیەکیش نیازی دەستکاریکردنی ڤۆڵتییە و جۆزەی هاوڵاتی هەبێت ترسی هەبێت و نەوێرێت”.

لەناو ناحیەی بێتواتە نۆ مۆلیدەی ئەهلی بوونیان هەیە.

“هێشتا راپۆرتی قایمقامیەتی رانیەمان سەبارەت بە بەدواداچوونەکەیان بۆ نەگەڕاوەتەوە و بەپێی راپۆرتەکەی ئەوان ئێمە لەگەڵ مۆلیدە ئەهلییەکان گفتوگۆ دەکەین”، ئەوەش قسەی ئیبراهیم مەحمودە.