ئاژه‌ڵدارانى شاره‌زوور نیگه‌رانن
سووتاندنى جاره گه‌نمه‌كان نرخى “كا”ـی به‌رزكرده‌وه
964+
عومه‌ر فه‌تاح ــ شاره‌زوور
به‌شێك له خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كانى سنوورى شاره‌زوور، باس لهوهدهكهن ئه‌مساڵ به‌راورد به ساڵانى پێشتر نرخى “كا” به‌رزبووەته‌وه، هه‌ر عه‌ره‌بانه‌یه‌ك نزیكه‌ى 20 بۆ 25 هه‌زار دینارى زیاتر چووه‌ته‌سه‌ر، یه‌كێك له هۆكاره‌كانیش رێژه‌ى زۆرى سووتاندنى جاره گهنمهكانه.
ئێستا له شاره‌زوور، وه‌رزى کا کێشانه بەشێک لە جوتیاران و خاوه‌ن ئاژەڵەکان، هەڵدەستن بە کۆکردنەوەی کا، کە پاشماوەی گەنمە، دواى ئه‌وه‌ى به ئامێرى هه‌باشه ده‌یكوتن دواتر دەیخهنە ناو فەردەی تایبەتەوە و هەڵدەگیرێن بۆ زستان بۆ ئاژه‌ڵه‌كان.
محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، ئاژهڵدارێكى گوندى ناوگردانى نزیك سه‌یدسادقه و له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكى دیكه سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه و شلیفكردنی کا بوون، به 964ـى وت هه‌موو ساڵێك چوار تا پێنج عه‌ره‌بانه كا بۆ كاتی زستان و سه‌رما هه‌ڵده‌گرن، ئه‌وكاته‌ى گژوگیا كه‌م ده‌بێته‌وه له‌گه‌ڵ بڕێك جۆ تێكه‌ڵی ده‌كه‌ین و ده‌یده‌ین به‌ئاژه‌ڵه‌كان.
وتیشی “ئه‌مساڵ نیگه‌رانین كه هێشتا سه‌ره‌تاى وه‌رزى هاوینه، كه‌چى نرخى كا به‌رزبووەته‌وه، به جۆرێك ساڵى رابردوو نرخى یه‌ك عه‌ره‌بانه كا به 45 تا 50 هه‌زار دینار بووه، به‌ڵام ئێستا نرخى یه‌ك عه‌ره‌بانه گه‌یشتوه‌ته 65 هه‌زار تا 70 هه‌زار دینار”.
عوسمان ئه‌حمه‌د، یه‌كێكى دیكه‌یه له خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كانى ناوچه‌ى شاره‌زوور، 200 سه‌ر ئاژه‌ڵى بچوكى هه‌یه و ساڵانه پێویستى به نزیكه‌ى هه‌شت عەرەبانە كا هه‌یه بۆ وه‌رزى زستانى ئاژه‌ڵه‌كانى.
عوسمان به 964ـى وت “خەمی گەورەى ئێمه ئالیکی ئاژەڵە، ساڵ به‌ساڵ نرخی بەرز دەبێتەوە، ئه‌مه‌ش وایكردوه به‌شێكى زۆرمان بە ناچاری ئاژەڵەکانمان بفرۆشین”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، یه‌ك فەردە کا لە ساڵى 2023 دا به هه‌زار دینار بوو، كه‌چی ئەمساڵ بووه‌ته هه‌زار و 500 دینار، پایز و زستانیش بێت دوو ئه‌وه‌نده نرخه‌كه‌ى بهرزدهبێتەوه.
به‌وته‌ى ئه‌و خاوه‌ن ئاژه‌ڵانه، یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانى به‌رزى نرخى كا بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه به‌شێكى زۆرى جوتیاران راسته‌وخۆ دواى دروێنه جاڕهگهنمهكانیان سوتاندوه و رێژه‌یه‌كى زۆرى كا سوتاوه و فریا نه‌كه‌وتن هه‌ڵیبگرنه‌وه.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن