هەفتەی داهاتوو پارەی گەنمەکە دێت
964+
توانا نەقی – هەولێر
وەزیری بازرگانی عێراق بەڵێنیداوە هەفتەی داهاتوو پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم خەرج بکات، بە قسەی ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق.
موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ 21ی کانوونی دووەم پەیوەندی بە وەزیری بازرگانی عیراقەوە کردووە سەبارەت بە شایستە دارایەکانی جوتیاران.
وتیشی “لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ ئەسیر غەریری وەزیری بازرگانی عێراق، بەڵینیداوە لە سەدا ملیۆن هەفتەی داهاتوو پارەی گەنمی جوتیاران هەرێمی کوردستان دەنێرێت”.
پارەکە هی ساڵەکانی 2015 و 2016یە، بڕەکەی 508 ملیار دینار بووە، لەو بڕە تەنیا 268 ملیاری لە ساڵی 2021 خەرجکراوە.
وەزیری بازرگانی عێراق بەڵێنی ئەوەشیداوە، سبەینێ 22ی کانوونی دووەم سەردانی ئەنجومەنی وەزیران دەکات و بە مەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی لەسەر ناردنی پارەکە، موسەنا ئەمین وا دەڵێت.
شایستەی دارایی جوتیارانی کوردستان بۆ ساڵی 2015 و 2016 دەگاتە 240 ملیار دینار، ئەمەش لە کاتێکدایە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2022 دوا بڕە پارەی جوتیاران بۆ 2014 لەلایەن حکمەتی عێراقەوە خەرجکرا.