بەنیازبوون بەقاچاغ بیبەنە هەولێر

 700 سەرمەڕ دەستیان بەسەرداگیرا

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

دەستبەسەر 700 سەرمەڕداگیرا کە چەند کەسێک بنیازبوون بەشێوەی قاچاغ بیبەنە پارێزگای هەولێر، سەرچاوەیەکیش دەڵێت، ئەو ئاژەڵانە لە گوندێکەوە هاتوون کە پێشتر پەتای خوێنبەربوون تێیدا سەری هەڵدابوو چەند کەسێکی گوندەکەش تووشی ئەو پەتایە ببوون.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 12.6.2024 لە گوندێکی نێوان ناحیەی زاب و قەزای حەویجە حەشدی شەعبی چەند کەسێکی دەستگیرکرد کە بەنیازبوون ژمارەیەک سەرمەڕ بەقاچاغ ببەن بۆ هەولێر، بەڵام دەست بەسەر ئاژەڵەکاندا گیرا وخاوەنەکەش دەستبەسەرکرا.

سەرچاوەیەک لەفەوجی دووی لیوای 30حەشدی شەعبی لە باشوری کەرکوک بە 964ـی وت، ئەو کەسانە بەنیازبوون بەبیانووی لەوەڕاندن ئاژەڵەکانیان بهێنن بۆ کەرکوک و پاشان بۆ دوبز و سەرگەڕان دواتر لەوێوە بەڕێگای مەخمور بیبەن بۆ هەولێر و لە رۆژانی جەژنی قوربان ساغی بکەنەوە.

وتیشی، ئەو ئاژەڵانە لە گوندێکەوە هاتوون پێشتر نەخۆشی تای خوێنبەربوون بڵاوببوو و چەند کەسێکی گوندەکەیش تووشی ئەو پەتایە ببوون، دەشڵێت، بەدووری نازانین بەشێک لەو ئاژەڵانە هەڵگری ئەو پەتایە بن و ئەو کەسانە تەنها بیانەوێت لە شاری هەولێر ساغی بکەنەوە.

پێداچوونەوە: میدیا گۆران