بەکارهێنانی ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا لە رێگەکانی دەرەوەی شاری سلێمانی _ وێنە: 964
رێکاری نوێ گیراوەتەبەر
ماتۆڕسکیلە بێ سەرەتاکان بۆیان نییە بچنە ناو سلێمانی
964+
ئەحمەد مستەفا
“لە ئەمڕۆوە نایەڵن لە سەنتەری سلێمانی ماتۆڕسیکلی دوو تایی هاتوچۆ بکات، ئەم بەیانییە هەمو ماتۆڕێکیان ئەگێڕایەوە لە بازگەی عەربەت، منیش یەکێک بووم لەوانە بۆیە ئاگاداربن”، ئەمە قسەی ماتۆڕسکیلێکە.
پێیان وتوون، لە ئەمڕۆوە نابێت کە بروات
ئەو قسەیەی لە گروپێکی ناوخۆیی شارۆچکەی عەربەت نوسیوە، دەشڵێ پرسیارم لە ئاسایشەکان کردووە وتوویانە، “لە سلێمانی ماتۆر دەگیرێت و خۆشتان دەستگیردەکرێن، بۆیە لە ئەمڕۆوە نابێ کەس بڕوات بۆ سلێمانی”.
تۆڕی 964 بۆ ساغکردنەوەی ئەم بابەتە، پەیوەندی بە سەلام عەبدولقادر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای ئاسایش کرد ئەو وتی، “بازگەکانی دەرەوەی ناو سلێمانی، “عەربەت بۆ سلێمانی”، “تاسڵوجە بۆ سلێمانی” و بازگەکانی دیکە، رێگەنادەن ماتۆڕسکیلە بێ سەرەتاکان بێنە ناو سەنتەری سلێمانی و دەیانگەڕێننەوە”.
رێکارێکی هێزە هاوبەشەکانی ئاسایش و هاتوچۆیە
ئەو بەرپرسەی راگەیاندنی دەزگای ئاسایش هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە، “هێزە هاوبەشەکانی ئاسایش و هاتوچۆ، بۆ چەسپاندنی رێکارێکی رۆتین و یاسایی، بۆ ئەوەی ئەو بێ سەرەتایانە لەناو شاردا هاتوچۆ نەکەن، رێگری دەکەن و رێگەی داخڵبوون بە سەنتەری شاریان پێ نادەن”.