سەدان کەس بەناوی کۆمپانیای LG هاک دەکرێن
+964
فەهمی نەبی-هەولێر
بە ناوی کۆمپانیای LG لە رێگەی ماسنجەرەوە پەیوەندی بە سەدان کەس کراوە و پێیانوتراوە خەڵاتت بۆ دەردەچێت، کەچی لەو سەرەوە هاک کراون. کۆمپانیایەکەش دەڵێ: سەدان کەس لەسەر ئەمە پەیوەندییان پێمانەوە کردووە.
ژمارەیەکی بەرچاو لە بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق روبەڕووی هاککردن بوونەتەوە، ئەوانەی پرۆسەی هاککردنەکە ئەنجامدەدەن، بەشێکیان بەناوی کۆمپانیای LG ئەو کارە دەکەن.
کۆمپانیای خۆشناو، تاکە بریکاری بەرهەمە ئەلیکترۆنییەکانی بڕاندی LGـیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.
شێرزاد هەینی، نوسەر و وەرگێڕێکی شاری هەولێرە، ماوەیەک لەمەوبەر ئەکاونتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک هاک کراوبوو. ئەو لەبارەی رووداوی هاک کردنەکەی قسەی بۆ تۆڕی964 کردووە.
شێرزاد هەینی، وەها باسی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی لە مسنجەرەوە بۆ هاتووە دەکات، “لە رێگای ماسنجەرەوە تەلەفۆنێکم بۆ هات، بەناوی کۆمپانیای LG، وتی: تۆ لە کۆمپانیاکەی ئێمە شتت کڕیوە و خەڵاتت بۆ دەرچووە. پێم وت: هەڵەی.. کەچی ئەو پێداگیری کرد کە خەڵاتم بۆ دەرچووە، تەنانەت وتی: خەڵاتەکەش 400 دۆلارە. وتم: بۆخۆتان.. دواتر ئەکاونتەکەم داخرا”.
شێرزاد هەینی دەشڵێت: ئەوان بەناوی من، نامەیان بۆ هاوڕێکانم ناردووەو داوای کارتی مۆبایلیان کردووە.
ئەوەی بەسەر شێرزاد هەینی نووسەر هاتووە، بە قسەی خودی کۆمپانیایەکە بێت یەکێکە لە سەدان کەس کە پەیوەندی بە کۆمپانیایەکە کردووە.
مستەفا سالار، بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتن لە کۆمپانیای LG قسەی بۆ تۆڕی964 کردووەو دەڵێت: ماوەی ساڵێکە کەسانێک بەناوی کۆمپانیاکەی ئێمەوە تەلەفۆن بۆ خەڵک دەکەن و دواتر هاکیان دەکەن.
زیاتر وتی “ناتوانین ئەو ئەکاونتەی هاککەران بدەینە ئاسایش، چونکە ئەکاونتەکە بۆ ماوەی چەند رۆژێک کارەکە دەکات دواتر دادەخرێت و دانەیەکی تر دروست دەکەن”.
بەگوێرەی قسەی بەشیک لە کۆمپانیاکانی دیجیتاڵ سکیوریتی، ماوەی ساڵی رابردوو، بە هەزاران کەس روبەڕووی هەمان گرفت بوونەتەوە.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی964 وت “خەڵکانێک دەستگیرکراون لەسەر هاککردنی ئەکاونتی خەڵک، ئەوانەی خەریکی ئەو کارەن بە ژمارە زۆرن”.
پرۆسەی هاککردنەکە چۆن ئەنجام دەدرێت؟
لە ماوەی رابردوو، زۆربەی ئەوانەی هاککراون لە رێگای ماسنجەری فەیسبوک تەلەفونیان بۆ کراوە، بە بیانووی دەرچوونی خەڵات، داوای ئەو کۆدە لەو کەسە دەکەن کە بۆ مۆبایلەکەی هاتووە، هاککەرەکان لە رێگای ئەو کۆدەوە پاسۆردی فەیس بکی کەسەکە دەگۆڕن.
سەرکەوت شابان، کار لە گێڕانەوەی ئەو ئەکاونتانە دەکات کە هاککراون و بەڕێوەبەری کۆمپانیای PROTEX-ە دەڵێت: زۆربەی ئەوانەی لەژێر ناوی کۆمپانیای LG ئەو کارە دەکەن، لە کاتی دەستگیرکردنیان دەرکەوتووە، تەمەنیان لە خوار 18 ساڵیە”.
سەرکەوت، ئەوەش دەڵێت “مانگانە تا دوو سەد کەیس دێتە لای ئێمە کە هاککراون ئەو رێژەیە کەمبۆتەوە پێشتر مانگانە بە هەزارەها کەس تووش دەبوون”.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی964 لە ئێستادا شێوازێکی تری هاککردن هەیە، بە تایبەت بۆ پەیجە بازرگانی و کۆمپانیاکان، بەجۆرێک لە تورکیا و قوبرسەوە تەلەفۆن بۆ پەیجێک لە کوردستان دەکرێت، فۆڕمێکیان بۆ دەنێرن و داوایان لێدەکرێت پڕی بکەنەوە، گوایە سەحە شینەکەی فەیسبوکیان بۆ وەردەگرن، فۆرمەکە داوای ئیمەیل و پاسۆردت لێدەکات، دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە، راستەوخۆ ئەکاونتەکە هاک دەکرێت.
بە گوتەی سەرکەوت شابان، سەتا نەوەدی ئەو پەیجە بازرگانیانەی لە هەرێمی کوردستانەوە هاککراون، لە رێگای تورکیایە.
بەسۆراغی تۆڕی964 هیچ ئامارێک بەردەست نییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ زانینی ژمارەی ئەو کەسانەی روبەڕووی هاککردن بونەتەوە.