چیتر مەچن بۆ هەولێر
هاتوچۆى سۆران سەرئێشەى بارهەڵگرەکانى چارەسەر کرد
964+
وریا فەتاح
لە سبەینێوە، شۆفێرانى بارهەڵگر دەتوانن لە هاتووچۆى سۆران مامەڵەى نوێکردنەوە و بەناوکردن و گۆڕینى تابلۆ ئەنجام بدەن، پێشتر دەبوو بچونایەتە هەولێر.
موحسین تەحسین، وتەبێژى هاتوچۆى سۆران بە 964ـى وت، لە سبەینێ یەکشەممەوە، بۆ یەکەمجار بەشى تۆمارى ساڵیانە لە هاتوچۆى سۆران دەستدەکات بە نوێکردنەوە و بەناوکردن و گۆرێنی تابلۆی هەموو جۆرە ئۆتۆمبیلێکی بارهەڵگر (تڕێلە، قەڵاب،لۆری).
پێشتر خاوەنى ترێڵە و قەلاب و لۆرى لە سۆران، دەبوو بۆ ئەو مامەڵانە بچونایەتە هاتوچۆى هەولێر، بە وتەى وتەبێژى هاتوچۆى سۆران، سیستەمەکە لە پێنجشەممەى رابردووەوە دانراوە و کێشەى نەماوە.
لەبارەى ئەوەى بۆچى پێشتر ئەو مامەڵانە لە سۆران ئەنجام نەدراون، موحسین تەحسین وتى،”ئیش و کارى بارهەڵگرەکان کاروبارى باجى دەوێت، بۆیە بە هەماهەنگى لەگەڵ باجى سۆران سیستەمەکە دانراوە، بەشێوەیەک کۆمپیوتەرێکى بەرێوەبەرایەتى باج بە سیستەمەکەوە دەلکێنرێت بۆ ئەوەى بزانرێت باجیان لەسەرە یان نا، دواتر مامەڵەکانیان بۆ ئەنجام دەدرێت”.
جەختیش دەکاتەوە جگە لە مامەڵەى هەڵواسینى تابلۆ، شۆفێرى بارهەڵگر پێویست ناکات ئۆتۆمبێلەکەى بباتە هاتوچۆى سۆران تەنیا مامەڵەى پشکنینەکەى پێبیت تەواوە.