تابلۆی ماڵی ئارام بە بیناکەیەوە - وێنە: چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی
40 بەخشراو وەردەگرێت
لە ماڵی ئارام دەست بە وەرگرتنی بەخشراوەکان دەکرێت
پێشەوا محەمەد
ماڵی ئارام لە چەمچەماڵ ئامادەی وەرگرتنی بەخشراوەکانە، بەڕێوەبەری چاودێریی قایمقامیەتی چەمچەماڵ دەڵێت، هەندێ وردەکاریی کەمیان ماوە و دوای تەواوبوون بەخشراوەکان وەردەگرن.
ماڵی ئارام لە ساڵی 2020ـەوە فەرمانی کردنەوەی دراوە، بەڵام ئامادەبوون و دابینکردنی پێداویستی و بیناکەی تا مانگی یەکی ئەمساڵ دواکەوت و لە لایەن وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە کرایەوە.
“ماڵی ئارام جێگای 40 بەخشراو دەبێت و لەوێ خزمەت دەکرێن و هەموو خزمەتگوزارییەکیان بۆ ئامادە کراوە پێشکەشیان بکرێت”، ئەوە قسەی رەمەک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵە بۆ 964.
وتیشی، “بەخشراوەکان چینێکی دیاری کۆمەڵگەن و پێویستە بە رێزەوە سەیر بکرێن و خزمەت بکرێن و چیتر لە شوێنە گشتییەکان و کۆڵان و شەقامەکان نەبنە جێگەی توانج و پلاری کەسانی دی یان بێ جێگە و شوێن بن”.
964 دەزانێت، ماڵی ئارام 10 کارمەندی بۆ دامەزرێندراوە و ئەو بینایەی بۆی دیاری کراوە، نۆژەن کراوەتەوە و بە تەواوی پێویستییەکانەوە ئامادە کراوە بۆ پێشوازیکردن و وەرگرتنی بەخشراوەکانی سنوورەکە.