لە زاخۆ
لەسەر خراپبەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 15 کەس دەستگیر کراون
964+
پێشەوا محەمەد
پۆلیسی زاخۆ دەستگیرکردنی 15 کەسی راگەیاند، کە تۆمەتباری کردوون بە خراپبەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زیانگەیاندن بە کەسانی دیکە.
ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاندووە، ئەو کەسانە تاوانی جۆراوجۆری وەک هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و بڵاوکردنەوەی، نووسین و قسەی نەشیاو بە کەسایەتی و کولتوور و دابونەریت و هاککردنی ئەکاونتیان ئەنجام داوە.
ئاماژە بەوەش دەدات، ئەو کەسانە سەرجەمیان لە ماوەی رابردوودا لە قەزای زاخۆ دەستگیر کراون.
بە پێی قسەکانی وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بێت، ئەو کەسانە بە مادەی دووی یاسای خراپبەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان – 2008 دەستگیر کراون و دۆسییەیان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی دادگا کراون.
ئەو مادەیە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ زیانگەیاندن بە کەسانی بەرامبەر و سووکایەتیکردن بەکاردەهێنن، سزاکەی بەندکردن لە شەش مانگ تا پێنج ساڵ، یان سزای مادی لە یەک تا پێنج ملیۆن، یاخود هەردوو سزاکە بەیەکەوە.