بە خۆڵەکەش چاڵیان پڕکردەوە

لە تەوێڵە شاخیان بڕی بۆ ئەوەی کۆڵانێکی ماڵێدەر فراوان ببێ

964+
ئەحمەد مستەفا

تیمە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی تەوێڵە، بۆ ئەوەی کۆڵانێکی گەڕەکی ماڵێدەر لە شارۆچکەکە فراوان بکەن ناچار بوون بەشێک لە قەدپاڵی شاخی گەڕەکەکە دابماڵن.

تەوێڵە لە گەڕەکەکانی (چلانە، ماڵێدەر و هانە سوسو) پێک دێت کە بە  بەهار و هاوین نزیکەی 1000 ماڵ و بە زستان بەهۆی سەختی کەشوهەواوە بە تێکڕا 600 ماڵ لە شارۆچکەکە دەمێننەوە.

ماڵەکان دەکەونە قەدپاڵی شاخ و قەڵاکانی ( بۆزان، ویسورە، گاورا و مسین)، جوگرافیا و بەرز و نزمی شارۆچکەکە بە جۆرێکە کە شاخ و ماڵ لە ئامێزی یەکدا پێناسە ژیان دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 14.5.2024، عیماد محەمەد سەرۆکی شارەوانی تەوێڵە بە 964ی وت، “تیمەکانی بەشی خزمەتگوزای شارەوانی بە هاوكاری ئامێرەكانی شارەوانیمان، هەستاون بە فراوان كردن و تێكەڵە رێژكردنی كۆڵانێك لە گەڕەکی مالێدەر”.

بەهۆی بچووکی رووبەری کۆڵانەکە و نزیکی لە دامێنی شاخەوە ئاستەنگی بۆ هاتوچۆی دانیشتووان و شۆفێرانی گەڕەکەکە دروست ببوو، بە قسەی سەرۆکی شارەوانی “دامێنی شاخی گەڕەکی ماڵێدەر داماڵدراوە تا رووبەرەکەی فراوان بکرێ و خۆڵەکەشی لە پڕکردنەوەی چاڵی کۆڵانەکەدا بەکارهێنراوە”.

دیمەنی کاری تیمە خزمەتگوزارییەکان؛