مامۆستایەکی زانکۆی سۆران “داهێنەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە”

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

مامۆستایەکی زانکۆی سۆران، ناوی دەچێتە کتێبی ژنانی ئەندازیاری داهێنەر و وەک سەرکردەی ئافرەتی ئەندازیار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیاش دەستنیشان دەکرێت.

 بڕیارە کتێبەکە لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ، لە دوبەی بڵاوبکرێتەوە، کە لە چوارچێوەی کۆنفرانسێک دەبێت کە لەلایەن فدراسیونی نێودەوڵەتی کۆمەڵەکانی فێرکردنی ئەندازیاری (IFEES) و ئەنجومەنی راگرایەتی ئەندازیاری جیهانی (GEDC) رێکدەخرێت.

 ئبتیسام کەمال، دکتۆرا لە ئەندازیاری و مامۆستای فاکەڵتی ئەندازیاری زانکۆی سۆران، ئەو ژنە کوردەیە کە وەک ئافرەتێکی ئەندازیاری داهێنەر بۆ ئەو کۆنفراسە هەڵبژێردراوە.

ئیبتسام کەمال، بە +964ی وت “وەک ئەندازیارێکی ژنی داهێنەر لەسەر ئاستی عێراق هەڵبژێردراوم و لە کۆتایی مانگی شوبات کۆنفراسەکە لە دوبەی بەڕیوەدەچێت”.

لەو کۆنفراسەدا ئەو کتێبەش بڵاودەکرێتەوە کە ناوی ئەو ژنە کوردەی تێدایە، کتێبەکە بەناوی “سەرکەوتن بەرەو لوتکە”یە، تیایدا 16 ژنی ئەندازیار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشانکراون.