لە ئەمریکا
60 ساڵ لەمەوبەر کەللەسەرێکی دیکەی مرۆڤی نیاندرتاڵ دروستکراوەتەوە
964+
فەهمی نەبی
هونەرمەندی شێوەکار رۆستەم ئاغالە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وێنەی کەللەسەری پیاوێکی مرۆڤی نیاندرتاڵی دانەوە لە مۆزخانەی نیشتیمانی مێژوویی واشنتۆن دانراوە، ئەو دەڵێت، ئەو کەللەسەرە هی پیاوێکی نیاندرتاڵە لەساڵی 1963 لە سلیکۆن دروستکراوەتەوەو لەو مۆزەخانەیە دانراوە.
بۆ بەدواداچوونی ورد لەبارەی ئەو کەللەسەرانەی مرۆڤی نیاندرتاڵ کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە 964 لەگەڵ د.دڵشاد زاموا پشپۆڕی بواری شوێنەوار و مامۆستای زانکۆ قسەیکردووە دەڵێت، تا ئێستا سێ کەللەسەری مرۆڤی نیاندرتاڵ دووبارە دروستکراونەتەوە.
د.دڵشاد زاموا دەڵێت: ساڵی 1981 گۆڤاری Since ی ئەمریکی وێنەی کەللەسەرێکی دووبارە دروستکراوەی مرۆڤی نیاندرتاڵی بڵاوکردوەوە و کەم کەس زانیاری لەبارەوە هەیە، ئەو کەللەسەرە زۆر زۆر لە سەری مرۆڤی ئەو ناوچەیە دەچوو، تا ئێستا نەمزانیوە لە هیچ مۆزەخانەیەک دانرابێت، ئەوەی هەیە تەنیا دوو کەللە سەری دروستکراوە تا ئێستا لە مۆزەخانە دانراوە.
لەم رۆژانە بڵاوکردنەوەی رووخساری دووبارە دروستکراوەی ژنێکی نیاندرتاڵی ئەشکەوتی شانەدەر زۆرترین سەرنجی خرایەسەر، لێكۆڵەرەوان مەزەندەیان كرد تەمەنی بۆ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
د.دڵشاد زاموا دەڵێت: ئەو کەللەسەرانەی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراونەتەوە پێنج دانەن و لەگەڵ ئێسکە پەیکەرن، یەکێکیان هی منداڵێکە کە تەمەنی لەوانی دیکە تازەترە بەجۆرێک 10 هەزار ساڵ دەبێت، کەللەسەر و ئێسکە پەیکەرەکان لە مۆزەخانەی بەغدان.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ وتی، ئەو مرۆڤەی کە پێی دەوترێت نیاندرتاڵ وەکو تیرەی مرۆڤە، نوێترین توێژینەوە دەریدەخەن، ژاپۆنییەکان لەگەڵ نیاندرتاڵەکان جیناتیان نزیکە، هەموو پسپۆڕان کۆکن لەسەر ئەوەی ئێمە کە بەرگەی سەرما دەگرین، دوو جیناتی نیاندرتاڵمان تێدایە بۆیە بەرگەی سەرما دەگرین.
ساڵی 1951 تا ساڵی 1961 تیمێکی ئەمریکی کنە و پشکنینی لە ئەشکەوتی شانەدەر کرد، بەڵام لەو ساڵەوە بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕ لەو ناوچەیە تیمەکە دەستیان هەڵگرت لە پشکنین تا ساڵی 2014 ئینجا جارێکی دیکە گەڕانەوە.
ئەو وێنانەی هونەرمەند رۆستەم ئاغالە بڵاویکردوەتەوە: