تەقە لە نزیک کۆشکی سپی و ئێران و دانوستان و ترەمپ بابەتی گەرمی رۆژن
964+
تەقە لە نزیک کۆشکی سپی و ئێران و دانوستان و ترەمپ بابەتی گەرمی رۆژن، جا بە کورت و پوختی پێتان دەڵێین چی روویدا:
📌ئاکسیۆس: کۆشکی سپی هیوا دەخوازێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ناکۆکییەکان چارەسەر بکات و ئەمڕۆ یەکشەممە رێککەوتنێک رابگەیەنێت، بەمەرجێک ئێران دەستبەرداری چەکی ئەتۆم بێت.
📌ئاکسیۆس: هێزەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی 60 رۆژ لە ناوچەکە دەمێننەوە و تا رێککەوتنی کۆتایی نەکرێت، ناکشێنەوە، گەرووی هورمزیش دەبێ بە کراوەیی بمێنێتەوە.
📌ترەمپ: رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و گەرووی هورمزیش بە تەواوی دەکرێتەوە
📌لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی دەڵێت، هەر رێککەوتنێکی ئەمریکا لەگەڵ ئێران کە ببێتە هۆی مانەوە و بەهێزتربوونی دەسەڵاتی ئێران بە تێپەڕبوونی کات، دۆخی عێراق و لوبنان زۆر ئاڵۆزتر دەکات.
📌ئاکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بڵاویکردەوە: ناتەنیاهۆ دوودڵە و لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کۆشکی سپی سەبارەت بەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئێران گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و دووبارە هێرشکردنە سەر ئێرانی پێ باشترە.
📌روسیا شەوی رابردوو هێرشێکی قورسی کردە سەر کێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگایەکی گەورە کەوتەوە
📌گەنجێک لە نزیک کۆشکی سپی لە واشنتن چەکەکەی دەرهێنا و دەستی بە تەقەکردن کرد، بەڵام دەستبەجێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری لێکرا و کوژرا، هەرچەندە هیچ کارمەندێکی ئاسایش و پۆلیس بریندار نەبوو، بەڵام هاوڵاتیەکی مەدەنی برینداربوو.
📌کەناڵی CBSـی ئەمریکی: ئەو کەسەی کوژراوە ناوی “ناسیر بێست”ـە و تەمەنی 21 ساڵە.
📌چەکدارەکە، پێشتر کێشەی تەندروستی دەروونی هەبووە، ساڵێک پێش ئێستاش ویستویەتی بەزۆر بچێتە ناو کۆشکی سپییەوە.
📌ترەمپ لەبارەی تەقەکردنەکەوە وتی: ئەم رووداوە مانگێک دوای رووداوەی تەقەکردنەکەی ئێوارە خوانەکەی ناو کۆشکی سپی دێت، ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە چەند گرنگە بۆ تەواوی سەرۆکەکانی داهاتوو پارێزراوترین و توندوتۆڵترین شوێن لە واشنتن بەدەستبهێنن.
📌ساتی تەقەکردنەکە ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لێکەوتەوە. پەیامنێرانی کۆشکی سپی کە لە باخچەی دەرەوە بوون، بەپەلە رایانکردە ژووری رۆژنامەوانی و بۆ ماوەی نیو کاتژمێر دەرگایان لەسەر قفڵ کرا.
📌وەزیری دەرەوەی پاکستان دەڵێت، پەیوەندیی تەلەفۆنی ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی سعودیە، قەتەر، تورکیە، میسر، ئیمارات، ئوردن و پاکستان ئەوە دەگەیەنێت کە ترەمپ ئاشتی دەوێت.
📌وەزیری دەرەوەی پاکستان: پاکستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ئاشتی و هیوادارین زۆر بە زوویی میوانداری خولی داهاتووی دانوستانەکان بکەین
📌ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە: لە 10 وڵاتی ئەفریقادا مەترسی بڵاوبوونەوە و تووشبوون بە پەتای ئیبۆلا هەیە
📌ترەمپ لە تروس سۆشیاڵ نەخشەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا نەخشەی وڵاتی ئێران بە تەواوەتی بە ئاڵای ئەمریکا داپۆشراوە
📌یونس مەحمود، هەڵبژاردنەکەى بردەوە و بوو بە سەرۆکى یەکێتى تۆپى پێى عێراق و بە جیاوازى 18 دەنگ، بەسەر عەدنان درجالدا سەرکەوت.