قەسرێ لەنێوان دوو رووبارە و ئاوی نییە
+964
زۆزگ باڵەک – چۆمان
قەسرێ لە نێوان دوو رووبار دایە، کەچی خەڵکەکەی کێشەی کەم ئاوییان هەیە، خەڵکەکەی بە تانکەر ئاو دەکڕن.
ناحیەی قەسرێ، پڕۆژەیەکی بچووكی ئاوی خواردنەوە هەیە بەڵام ئەمە تێرایی خەڵکەکەی بۆ ئاو ناکات و ناچارن بە تانکەر ئاو بکڕن.
ئەشقی عەباس هاوڵاتیەکی دانیشتوی قەسرێیە بۆ +964 قسەی کردووەو دەڵێ: چەندین ساڵە كێشەو گرفتی كەمی ئاومان هەیە نەک لە هاوین، تەنانەت لە زستانیش ئاو دەکڕین.
کێشەی کەمی ئاو لەو ناحیەیە، هاودەمە لەگەڵ گەورەبوون و فراوانبوونی ئەو ناحیەیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی، خەڵکەکە لە رابردوودا تەنانەت خۆپیشاندانیشیان کردووە، کەچی دادی چارەسەرکردنی کێشەکەی نەکردوون.
قەسەرێ گەورەترین ناحیەی سنوری قەزای چۆمانە، دەکەوێتە نێوان هەردوو رووباری دیلمان و زێی گەورە لە سنووری قەزای چۆمان.
رەسول محەمەد، هاوڵاتییەکی دیکەی قەسرێیەو دەڵێت، زۆربەی رۆژ ئاو بە تانكەر دەكڕین و زۆربەی ماڵەكانیش بەهۆی كەمی و نەبوونی ئاو ناحیەكەیان جێهێشتووە.
عەبدولرحمان حوسێن، بەرپرسی بنكەی ئاوی قەسرێ دەڵێ: لە وەرزی هاوین بە تانكەر ئاو دەگەیەنینە هەموو ماڵێك، بەڵام زیادبوونی ژمارەی هاوبەشەکان کێشەی کەم ئاوی قەسرێی گەورەتر کردووە کە زیاتر لە هەزارو 250 هاوبەشن، رۆژانەش ئەو ژمارەیە زیاد دەبێت.
زیاتر وتی “حکومەت بە نیازە پڕۆژەیەکی دیکەی ئاو بۆ قەسرێ دروست بکات”.
ناحیەی قەسرێ سەر بە قەزای چۆمانە، بە دووری 154 كیلۆمەتر كەوتۆتە بەشی رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر، لە ساڵی 2007ـەوە کراوە بڕیاری بە ناحیەكردنی بۆ دەرچووە، هەزارو 376 ماڵ تێیدا نیشتەجێن.