دوێنێ شەو چی روویدا؟
لە هێرشی درۆنییەوە بۆ نرخی دۆلار تا دەگاتە راگرتنی گەشتەکان
ژووری هەواڵ
شەوی رابردوو رووداوی زۆر هەبوون، ئێمە لێرە بۆمان کۆکردوونەتەوە و ئەمە پوختەکەیەتی.
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، کاتژمێر 10:19 خولەکی شەوی رابردوو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر کەمپی ئاوارەکانی رۆژهەڵات لە کەورگۆسکی قەزای خەبات و رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
شەوی رابردوو سەدان گەنجی رۆژئاوای کوردستان لە حەسەکە رژانە سەر شەقام و ئاڵای کوردستانیان بەرزکردەوە لەدژی عەرەبەکانی غوێران کە لەکاتی هەڵکردنی ئاڵای سوریا دروشمیان دژی هەسەدە وتبووەوە. بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزی دروست نەبێت، هێزە ئەمنییەکان بە شەقامەکانی حەسەکەدا بڵاوەیان پێکرا.
مێردمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵ لە شەقامی ئیبراهیم خەلیل لە زاخۆ لەکاتی هێنانەوەی تۆپەکەی لەسەر شەقامەکە ئۆتۆمبێل لێیدا و گیانی لەدەستدا، پۆلیسی زاخۆش رایگەیاند، شۆفێرەکە خۆی رادەستی هێزەکانیان کردووە.
حکومەتی ئەمریکا هۆشداری بە هاوڵاتییانی دا کە لەکاتی گەشت بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەوپەڕی وریایی و ئاگاییەوە مامەڵە بکەن چونکە حوسییەکان دەستیان بە هێرش بۆ سەر پێگەکانی سعودیە کردووە.
دوای ئەوەی حـ.ـوسـ*ـییەکان هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی ریازی سعودیە، کۆمەڵیک هێڵی ئاسمانی جیهانی، لەوانە لوفتهانزا و ئێر ئیندیا، گەشتەکانیان بۆ سعودیە راگرت
حکومەتی بەریتانیا داوای لە هاوڵاتییانی کرد خۆیان بەدووربگرن
لە گەشتکردن بۆ پارێزگاکانی ریاز، عەسیر، نەجران و جازان لەگەڵ شاری تائیف لە سعودیە.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبەردەم پەرلەمان باسی لە هۆکاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار کرد و وتی: سێ بژاردەمان هەبووە: یان مووچە بکەین بە 45 رۆژ جارێک، یان پاشەکەوتی مووچە بکەین یان پەنا ببەین بۆ قەرز.
عەلی زەیدی: ئەو کاتەی ئەرکەکەم وەرگرت قەبارەی قەرزی حکومەت زیاتر لە 208 ترلیۆن دینار بوو.
عەلی زەیدی: لە رۆژانی داهاتوودا برێکی باش لە دۆلار دەگات بەدەستمان و ئێمەش دەیخەینە بازاڕاوە
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلارەوە وتی: بڕیارەکە پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە.
لە شاری کوتی سەر بە پارێزگای واست بەهۆی داڕمانی فڕنێکی سەمونەوە کرێکارێک گیانی لەدەستدا و شەش کرێکاری دیکەش بریندار بوون.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە وتی، واشنتن 12 کەشتیی سەربازیی لە ناوچەکەدا بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئێران جێگیر کردووە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ: سوپای ئەمریکا چەندین بژاردەی سەربازیی بۆ ئەنجامدانی هێرش و ئۆپەراسیۆن دژی ئێران پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول ئامادە کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە هەر دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وتی: تا دوای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس هێرش ناکەینە سەر ئێران.
لە تورکمانستان مەسعود پزشکیان، سەرۆکی ئێران لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا کۆبووەوە و پوتین ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ یارمەتیدان لە کۆتاییهێنان بە جەنگ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لافاوێکی گەورە لە سانتیاگۆی پایتەختی چیلی دروستبووە و بەهۆیەوە زیاتر لە 10 ناوچە خراونەتە ئامادەباشییەوە بۆ رووبەرووبونەوەی داڕمان و زیانی دیکەی لافاو، لە هەندێک ناوچەش باری لەناکاو راگەیەندراوە.