بزانە کارەبا چەند کەم بووەتەوە؟

وەزیرى کارەبا: نەمانهێشت کوژانەوەى گشتیى رووبدات

وریا فەتاح

وەزیرى کارەبا رایدەگەیەنێت، بە هەوڵى تیمەکانیان توانیویانە قەرەبووى بەشێکى زۆرى زیانەکانى کەمبوونەوەى 2 هەزار و 500 مێگاواتى بەرهەمهێنانى کارەبا بکەن و ئاستى بەرهەمهێنان بگەیەنن بە هەزار و 600 مێگاوات.

کەمال محەمەد، وەزیرى کارەبا و وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە راگەیەنراوێکدا، وێراى سەرەخۆشى لە کەسوکارى ئەو چوار کرێکارە بیانییەى لە هێرشەکەى سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر گیانیان لە دەست دا، دەشڵێت: تیمەکانمان ماندوونەناسانە بە درێژایی شەوی رابردوو تا ئێستا بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی هێرشەكە و بە پلانێكی تۆكمە قەرەبووی بەشێکی زۆری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبایان کردووەتەوە.

بە قسەى وەزیرى کارەبا، توانیویانە قەرەبووى بەشێکى زۆرى زیانەکانى کەمبوونەوەى 2 هەزار و 500 مێگاواتى بەرهەمهێنانى کارەبا بکەن و ئاستى بەرهەمهێنان بگەیەنن بە هەزار و 600 مێگاوات و رێگایان نەدا كوژانەوەی گشتی لە سیستمی كارەبا رووبدات.

جەختيش دەکاتەوە، وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانی چارەسەركردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی غازدایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر، سلێمانی و بازیان و ئاسایبوونەوەی دۆخەكە.