دووبارەی کەنەوە غەرامە دەکرێن
کارگەکان لە سووتانی پاشماوەکانیان ئاگادار دەکرێنەوە
964+
تونا نەقی
بەشێک لە کارگەکانی هەولێر لە رێگای موخمور و تیماری گەورە پاشماوەکانیان دەسووتێنن و ژینگەی دەورووبەریان پیس کردووە بۆیە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ئاگاداریان دەکاتەوە لێپرسینەوە دەکات.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەلایەن ستاف و بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێرەوە چەند ئاگرک کوژێنراوەتەوە کە بوونەتە هۆکاری هەراسانکردنی دانیشتوانی ئەو سنوورانە.
دڵشاد هیرانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە 964ـی وت، سەرەتا ئەوکارگانە ئاگادار دەکرێنەوە دواتر غەرامە دەکرێن ئەگەر هەر بەردەوام بوون غەرامەکە دووقات دەکرێتەوە ئەگەر هەر گوێیان پێ نەدا ئەوە دەدرێن بە دادگا.
وتیشی، غەرامەکان بۆیەکەم جار ئەو کارگانەی کە کەلوپەلەکانیان دەسوتێنن و ژینگە پیس دەکەن و خەڵک هەراسان دەکەن لە دوو ملیۆن دینارەوە بۆ چوار ملیۆن دینار دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت ئەو کارگانە پاشماوەکانیان دابنێن، تاوەکو لەلایەن شارەوانییەوە کۆدەکرێتەوە و فڕێدەدرێت.
هەرچالاکیەک و کارێک ببێتە هۆی دروست بوونی دووکەڵ و بۆنی ناخۆش بە سەرپێچی ژینگەیی هەژماردەکرێت و سزای بۆدیاری کراوە بە گوێرەی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لەهەرێمی کوردستان.