ئەمڕۆ بەیانی بووە
وردەکاری لەبارەی رووداوی کەوتنە خوارەوەی کرێکارێک لە باڵەخانەیەکی هەولێر
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
بەیانی ئەمڕۆ گەنجێکی گوندی “بەنێنان”ی سنووری قەزای بەردەرەش لە باڵەخانەیەکی شاری هەولێر کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
سەعد حازم محەمەد، ناوی ئەو گەنجەیە کە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا، تەمەنی 34 ساڵە و باوکی چوار مناڵە، وەستای تێکردنی کۆنکرێتی باڵەخانەکان بووە بەیانی ئەمڕۆ لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەیەکی گەڕەکی ئازادی هەولێر نزیک نەخۆشخانەی نانەکەلی بەربووەتەوە و گیانی لەدەستداوە.
حەبیب گۆران، زاوای گەنجەکەیە و بۆ 964 وتی، ئەمرۆ وەکو هەموو رۆژانی تر سەعد رۆیشت بۆ سەر ئیش و کاری خۆی لە هەولێر، ئەو لەگەڵ کۆمپانیایەکی کۆنکریت کردنی باڵەخانەکان ئیش دەکات، ئەمڕۆ لە نهۆمی چوارەم لەکاتی تێکردنی کۆنکرێت لەناکاو کەوتووەتە خوارەوە.
ئەوەشی وت، سەعد نزیکەی 12 ساڵە ئەم کارە دەکات و دانیشتووی گوندی بەنێنانە و رۆژانە لەنێوان گوند و هەولێر هاتوچۆی کردووە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی ئەو گەنجە لە گۆڕستانی گوندی بەنێنان نێژرا.
ئەمڕۆش لە سلێمانی لە رووداوی کەوتنەخوارەوە دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون.