لیژنەکە چی دەکات؟
سوودانی لیژنەیەک لەسەر چەند کێشەیەکی هەرێم پێکدەهێنێت
964+
پێشەوا محەمەد
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ جێبەجێکردنی چەند داواکارییەکی هەرێمی کوردستان پێکهێناوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق روونکردنەوەی لەبارەوە دەدات.
لیژنەکە دوێنێ یەکشەممە 24.3.2024 پێکهێندراوە و بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە کارەکانی بکات.
نەرمین مەعروف، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە 964ـی راگەیاند، لیژنەکە کار لە چەند بابەتێکدا دەکات بۆ جێبەجێکردنی داواکاری و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی خراونەتە بەردەست سەرۆکوەزیرانی عێراق.
وتیشی، “پرسی هاوتاکردنی موچە و ئیمتیازاتی زیندانی سیاسی بە هاوتاکانیان لە عێراق و جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ دابەشکردنی موچە دوو داواکاری بوون کە پێشکەشی محەمەد شیاع سوودانیم کردووە”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشی کرد، پرسی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێم و هەمواری یاسای کۆچ و کۆچبەران بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی هەرێم، کە لەسەردەمی رژێمی پێشوو تووشی راگواستن بوونەوە دوو بابەتی دیکە بوون.
“لیژنەکە بە شێوەی قۆناغبەندی کار لەسەر تەواوی ئەو تەوەرانە دەکات و میکانیزمی چارەسەرییەکانیان دەخاتەڕوو”، ئەوەش قسەی نەرمین مەعروفە.