دیمهنێكى ئه‌و زبڵهى له ناوچه‌ى گرگاشه فڕێدراوه... وێنه‌كان: سۆشیاڵ میدیاى گوندى ده‌شتێى شارباژێڕ
مانگانه دوو جار پاكده‌كرێنه‌وه
گوندەکانی ناوچەی گرگاشە پڕ بوون له زبڵ و خاشاك
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له سنوروى شارباژێرى سه‌ر به ماوه‌ت، گونده‌كانى ناوچه‌ى گرگاشه پڕ له زبڵ و خاشاكى گه‌شتیاران بووە و كۆمپانیاى پاككه‌ره‌وه‌ش ده‌ڵێت، 15 رۆژ جارێك خاوێنی ده‌كه‌نه‌وه.
زۆرینه‌ى ئه‌و زبڵ و خاشاكه له گوندى كانى خێڵ و گونده‌كانى دیكه‌ى ئه‌م ناوچه‌یه كۆبووه‌ته‌وه كه نزیكه‌ى 10 گوند ده‌بن و هاوڵاتیانیش هاواریان لێ هه‌ستاوه و ده‌ڵێن، ژینگه‌ى سنووره‌كه‌مان پیس بووه.
هاوژین عه‌لى خه‌ڵكی یه‌كێك له‌و گوندانه به 964ـى وت، لەلایەن گەشتیارێکه‌وە ئاگادارکراونەته‌وە کە زبڵ و خاشاكێكی زۆر له سنووره‌كه فڕێدراوه.
وتیشی “له ناوچه‌ى شاخی بەردەسپیان و سنوورى گونده‌كانی کانی خێڵ و دەشتێ، زۆربه‌ى زبڵه‌كه فڕێدراوه”.
شاره‌وانى قه‌زاى ماوه‌ت له رێگه‌ى گرێبه‌ستێكه‌وه كۆمپانیای ئۆڕانۆسی راسپاردووه بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ى سنووره‌كه‌ى، كه له 293 گوند پێكهاتووه.
رێكان مه‌جید، كارمه‌ند و شۆفێری ئه‌و كۆمپانیایه به 964ـى وت، تا ساڵ و نێوێك پێش ئێستا زووتر ده‌چوون بۆ پاككردنه‌وه‌ى گونده‌كانى سنوورى ماوه‌ت، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یران و كێشه‌ى داراییه‌وه ئێستا دره‌نگتر ئه‌م كاره ده‌كه‌ن.
وتیشی “15 رۆژ جارێك سه‌ردانى گونده‌كان ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش وایكردووه زبڵ و خاشاكێكی زۆر كۆببێته‌وه”.
كۆمپانیاكه به كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌م زبڵ و خاشاكه زۆره‌ى ناوچه‌ى گرگاشه ئاگاداره و رێكان ده‌ڵێت، له‌م هه‌فته‌یه ده‌چن پاكی ده‌كه‌نه‌وه.
ره‌خنه‌شی له‌و گه‌شتیارانه گرت كه له رۆژانى پێنجشه‌ممه و هه‌ینى سه‌ردانى ئه‌و ناوچانه ده‌كه‌ن و ژینگه‌كه‌یان به‌وشێوه‌یه پیس ده‌كه‌ن.