بۆ 22 شارەوانییە

بۆ رازاندنەوەی ئیدارەی سۆران نەمامگەیەک لە رواندز کرایەوە

964+

ئاکام غەفور – رواندز

یەکەمین نەمامگەی حکومی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە رواندز کرایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەمە لە قەزای رواندز نەمامگەیەکی حکومی کرایەوە، کە گرنگی بەو گوڵ و دارانە دەدات کە بۆ کەشوهەوای ناوچەکە گونجاون.

نەمامگەکە گوڵ و دار بۆ تەواوی شارەوانیەکانی سنوری سۆران بەرهەم دەهێنێت، سەرپەرشتیاری ئیدارەش دەڵێت “دەمانەوێ سنورەکەسەوزتر بکەین”.

هەلگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە 964ـی وت ”مەبەستمانە رێژەی سەوزایی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەرز بکەینەوە، دەمانەوێت ئەو گول و دارانەی لە سنورەکە دەیچێنین هەر لێرە بەرهەم بێن”.

رێکان عەلی بەرپرسی بەشی پارک و باخجەکانی ئیدارەی سۆران، بە 964 وت ”لە کردنەوەی یەکەم نەمامگەی حکومی لە ئیدارەی سۆران زیاتر گرنگیمان بە چاندانی ئەو گوڵانە داوە کە بۆ کەشی سنورەکە گونجاون، گولی فینکە و جەحفەران و زینە ئەو گولانەن کە زۆرترینیان لێچێندراوە”.

964 دەزانێت لە پێنج رۆژی داهاتوو زیاتر لە چوار هەزار گوڵ کە لەو نەمامگەیە بەرهەم هاتون، ئامادە دەبن بۆ چاندن لە سنوری شارەوانیەکانی سۆران.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە شەش قەزا پێکدێت، خاوەنی  22 شارەوانیە.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن