پۆلیس چی دەڵێت؟
مێردمنداڵێک شەش رۆژە بێ سەروشوێنە
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
مێردمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵان، دانیشتووی گەڕەکی (ئەق سۆ) لە قەزای دوزخورماتوو ماوەی شەش رۆژە بێ سەروشوێنە.
شەوی شەممەی رابردوو 8.3.2024 کاتژمێر 11ی شەو مێردمنداڵێک لە ماڵ چووەتە دەرەوە و ئیتر نەگەڕاوەتەوە، کەسوکاری دوای گەڕانێکی زۆر و ئاگادارکردنەوەی لایەنی ئەمنی و پۆلیسی قەزاکە، بەڵام تائێستا هیچ سۆراغێکی نازانن و وەک دەڵێن مۆبایلیشی داخراوە.
ئومێد ئەحمەد باوکی مێردمنداڵە ونبووەکە بە 964ی وت، کاتژمێر 11:00ی شەو بوو پەیوەندیەکی تەلەفۆنی بۆ کوڕەکەیان هات و لەو کاتەدا بەدەم قسەکردنەوە چووەتە دەرەوە و ئیتر نەگەڕاوەتەوە.
وتیشی، پاش چەند کاتژمێرێک لە گەڕانێکی زۆر و پەیوەندیکردن پێیەوە، بەڵام هیچ سۆراغ و وەڵامێکی نەبووە و لایەنی ئەمنیان لێی ئاگادارکردووەتەوە.
دەشڵێت، ئەوان نەیانویستووە بابەتەکە گەورە بکەن، چونکە لایەنی ئەمنیان لێی ئاگادارکردووەتەوە و پێیان وابووە کە لە ماوەیەکی کەمدا پۆلیسی قەزاکە کوڕەکەیان بۆ دەدۆزنەوە.
ئومێد ئەحمەد دەڵێت، بنەماڵەکەیان خەریکە تووشی تێكچوونی باری دەروونی دەبن لە چاوەڕوانی و هیچ ئومێدێکیان بە هێزە ئەمنییەکان نەماوە، بۆیە ناچار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە، بەڵکو سۆراغی کوڕە ونبووەکەیان لە خەڵکەوە دەستکەوێت.
عەمید حوسێن عەلی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، ئەوان هەمو هەوڵێکیان خستووەتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی سەرەداوێکی ئەو مێردمنداڵە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.
وتیشی، لە کامێراکانی چاودێریی گەڕەک و شوێنە گشتییەکان گەڕاون، بەڵام دیار نییە بەرەو کوێ چووە، چونکە ئەو کاتەی لە ماڵ دەرچووە، کاتەکەی شەوو بووە و لە کامێراکانی چاودێرییەوە روون نییە بۆ کوێ چووبێت.
دەشڵێت لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی مێردمنداڵەکە.
مێردمنداڵەکە ناوی مستەفایە و لەدایکبووی 2007ە و لە نەتەوەت تورکمانە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا