"بەپەلە و دەستبەجێ"
ئیمارات داوا لە عێراق دەکات ئەو هێرشانە ربگرێت کە لە خاکەکەیەوە سەرچاوە دەگرن
فەرهاد حەسەن
دەوڵەتی ئیمارات داوای لە حکومەتی عێراقی کرد کە “تەواوی کارە دوژمنکارییەکان” کە لە خاکەکەیەوە سەرچاوە دەگرن “بە شێوەیەکی بەپەلە و بێ مەرج” رابگرێت، ئەمەش دوای ئەو هێرشە دێت کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وێستگەی “براکە”ی بۆ وزەی ئەتۆمی کردبووە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، سەرکۆنەی توندی “دەستدرێژییە تیرۆریستییە خیانەتکارانەکان”ی کرد کە دامەزراوە مەدەنییە زیندووەکانی ناو وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەر مۆلیدەیەکی کارەبا کەوتووە لە دەرەوەی سنوری وێستگەی “براکە” لە ناوچەی زەفرە.
جەختیکردەوە، هێرشەکان پێشێلکارییەکی زەقن بۆ سەروەری ئیمارات و کایەی ئاسمانییەکەی و بەزاندنێکی روون و ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتوەکانە، داواشی لە بەغدا کردووە بە شێوەیەکی دەستبەجێ و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڕەشانە بکات کە لە خاکەکەیەوە دەردەچن بەو شێوەیەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەپارێزێت.
وەزارەت دەرەوەی ئیمارات، دەڵێت “حکومەتی عێراق پابەندە بەوەی کە بە شێوەیەکی بەپەلە و بێ مەرج رێگری لە تەواوی کارە دوژمنکارییەکان کە لە خاکەکەیەوە دەردەچن.”
پێشتریش وەزارەتی بەرگری ئیمارات لە رۆژی یەکشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو، کە بەرگرییە ئاسمانییەکانی سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کۆی سێ فڕۆکە کە لە سنورە رۆژئاواییەکانەوە چووبوونە ناو ئاسمانی وڵاتەکەوە، لەکاتێکدا سێیەمیان بەر مۆلیدەیەکی کارەبا لە دەرەوەی چێوەی ناوخۆیی وێستگەی ئەتۆمی کەوتبوو، بێ ئەوەی هیچ زیانێک لە ناو خودی دامەزراوەکە تۆمار بکرێت.