بووە بە چوار هەزار دینار

هەر کیلۆیەک مریشک 750 دیناری چووەسەر

964+

پێشەوا محەمەد

لە شاری سلێمانی نرخی هەر کیلۆیەک مریشک 750 دیناری چووەسەر و بووە بە چوار هەزار دینار، سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی دەڵێت، کێشەیان زۆرە و ئەو نرخەش گران نییە.

چەند هەفتەیەک پێش ئێستا نرخی کیلۆیەک مریشک لە سلێمانی گەیشتە چوار هەزار و 500 دینار، دواتر نرخی هەر کیلۆیەک بۆ سێ هەزار و 250 دینار دابەزی و ئەمڕۆ جارێکی تری نرخی کیلۆیەک مریشک بۆ چوار هەزار دینار بەرزبووەتەوە.

قادر عومەر، خاوەنی دوکانی مریشکفرۆشی لە شاری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، خواست لەسەر مریشک لەم یەک دوو رۆژەی رەمەزاندا بەرز بووەتەوە و مریشکی پێویستیش ناگاتە مریشکفرۆشییەکان و خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان گرانیان کردووە.

وتیشی، “بەرزبوونەوەی نرخی مریشک کاریگەریی خراپی لەسەر بازاڕ و بژێویی ئێمە هەیە، چونکە کە گران دەبێت هاوڵاتیان کەمتر مریشک دەکڕن یان پێیان ناکڕدرێت”.

بۆچی نرخی مریشک وا گران بووە؟ پرسیاری 964 بوو لە نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی، ئەویش لە وەڵامدا وتی، “جوچک و غاز و گاز گران بوون، هیچ هاوکارییەک ناکرێین و ئێمەش ناچارین بەبێ ئەوەی خۆمان حەز بکەین نرخی مریشک بەرز بکەینەوە”.

133 تۆن مریشکی بەشەخۆراک دزرا

133 تۆن مریشکی بەشەخۆراک دزرا