كۆمیسۆن: له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر خه‌تین بۆ چاره‌سه‌ركردنى
مه‌ترسی هه‌یه نزیكه‌ى 2000 هاوڵاتى رواندز له‌ده‌نگدان بێبه‌ش بكرێن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
لە سنورى قه‌زاى رواندز نزیکەى دوو هەزار هاوڵاتى سەردانى بنکەى کۆمسیۆنیان نەکردووە بۆ نوێكردنه‌وه‌ى كارتى ده‌نگدان و به‌مه‌ش مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه كه بێبه‌ش بكرێن له ده‌نگدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان.
وەلید محەمەد، بەڕێوەبەرى بنکەى کۆمسیۆنى قەزاى رواندز، بۆ 964 ئاشكراى كرد لە سنووره‌كه‌یاندا دوو هەزار و 885 هاوڵاتى کێشەى پەنجەمۆریان هەبووە و له‌و ژماره‌یه تەنیا 918 کەس بۆ وەرگرتنەوەى پەنجەمۆر، سەردانى بنکەى کۆمسیۆنیان کردووە.
وتیشی “595 کەس دووبارە کێشەیان بۆ دروستبووە و پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، لەو هاوڵاتییانەى سەردانیان کردوون، 323 کەس پەنجەمۆریان وەرگیراوە و کێشەیان نەبووە، وتیشی “به‌ڵام تا دوێنێ یه‌كشه‌ممه کە دوا وادە بوو، هەزار و 967 کەس سەردانى بنکەى کۆمسیۆنیان نەکردووە”.
سه‌باره‌ت به بێبه‌شبوونى ئه‌و ژماره هاوڵاتییه له ده‌نگدان، باسی له‌وه‌كرد كه له‌گه‌ڵ به‌غدا قسه‌یان كردووه بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشه‌یه و چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى ئه‌وان ده‌كه‌ن.
وتیشی “هۆكارى نه‌هاتنى ئه‌و ژماره هاوڵاتییه نازانین”.
به‌پێی داتاكانى بنكه‌ى كۆمسیۆنى رواندز، له سنوورى قه‌زاكه‌یاندا زیاتر له 20 هه‌زار ده‌نگده‌ر مافى ده‌نگدانیان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان هه‌یه كه بڕیاره له 10.6.2024 به‌ڕێوه‌بچێت.