کاتى جیاکردنەوەى دەنگەکانى هەڵبژاردنەکەى ئێران وێنە: ئاژانسى هەواڵى تەسنیم
25 ملیۆن کەس دەنگى داوە
لە هەڵبژاردنەکەى ئێراندا رێژەى بەشدارى 41% بووە
964+
وریا فەتاح
بەپێى ئەنجامە بەراییەکانى هەڵبژاردنى خولی دوازدەمینی پەرلەمان و خولی شەشەمی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شارەزایان، رێژەى بەشدارى 41% بووە، ئەوەش دواى سێ جار لە درێژکردنەوەى کاتى پڕۆسەى دەنگدان.
بەپێى هەواڵى میدیاى فەرمیى ئێران، زیاتر لە 25 ملیۆن دەنگدەر لەوانەى مافى دەنگدانیان هەبووە، بەشداریان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە و دەنگیانداوە، ئەوەش لە کاتێکدا 61 ملیۆن و 172 هەزار و 298 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە.
ئاژانسى هەواڵى تەسنیم بڵاوى کردووەتەوە، لە کاتێکدا هەڵمەتێکی زۆر گەورەی دژە ئێران بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی 2024 پێکهێنراوە، بەڵام ئاماری بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هەڵمەتە شکستى هێناوە.
ئاژانسەکە ئەوەشى خستووەتەڕوو کە سەرەڕای فشارە ئابوورییە زۆرەکان و سەرەڕای ئەوەی گرووپە سیاسییەکان لە هەندێک لە پارێزگاکاندا نەیانتوانی کێبڕکێیەکی بەهێز و ئەرێنی دروست بکەن، بەڵام هاوڵاتیان بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان کرد.
بڕیار بوو لە کاتژمێر 6:00ى ئێوارەى دوێنێدا، ناوەندەکانى دەنگدان دابخرێن، بەڵام بەهۆى کەمى رێژەى بەشدارى هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکەدا، دەزگاى هەڵبژاردنى ئێران سێ جار کاتى دەنگدانى درێژکردەوە و لە کاتژمێر 12:00ى نیوەشەو سندوقەکانى دەنگدانیان داخست.