پێنج پرۆژەی گەشتیاری لە گەرمیان تەواو دەکرێن

964+

توانا نەقی – هەولێر

کارکردن لە پێنج پڕۆژە گەشتیارییەکەی گەرمیان کە ساڵانێکە وەستاوە، دەستیپێکردەوە.

ئەو پرۆژە گەشتیاریانە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نۆ ساڵ پێش ئێستا کارکردن تێیاندا وەستا بوو.

ئەو پێنج پڕۆژەیە، سێیان لە کەلارەو دانەیەک لە کفری و دانەکەی دیکەش دەکەوێتە خانەقین.

هێرش فەیزوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان بە 964+ی وت ”لە سنوری گەرمیاندا پێنج پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری چەند ساڵێکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاون، ئێستا بەڵێنمان پێدراوە کە کارکردن تێیاندا دەستپێبکاتەوە”. 

هێرش فەیزوڵڵا، ئاماژەی بەو پرۆژانە کرد کە کارکردن تێیاندا دەستپێدەکاتەوە، لەوانە پرۆژەی  گەشتیاری ئەڵوەن لە خانەقین، بە گوژمەی یەک ملیار دینار کە لە 15٪ی کارەکانی تەواو بووە. پرۆژەی گەشتیاری بەنداوی باوەشاسوار لە کفری، بە گوژمەی یەک ملیار دینار کە لە 20٪ی کارەکانی تەواو بووە و لە 2014ـەوە بە هۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن وەستاوە تێيدا. هەروەها پڕۆژەی دەروازی کەلار گوندی بەرلوت، بە گوژمەی یەک ملیار دینار لە 75٪ی کارەکانی تەواو بوون.

پڕۆژەی گەشتیاری بەردەسوور لە کەلار، بە گوژمەی دوو ملیار و 400 ملیۆن دینار، بە هەمانشێوە لە 2014ـەوە بڕیاری لەسەر دراوە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەواو نەکراوە، هاوکات پێنجەمیان پڕۆژەی جوانکردنی دەوروبەری قەڵای شێروانەیە لە کەلار، بە گوژمەی دوو ملیار دینار.

“لەمساڵدا دوو پڕۆژەی تری گەورەی گەشتیاری کە یەکێکیان لە قولەبەرز لە نێوان کەلار و دەربەندیخان، کە کۆمەڵگایەکی گەشتیارییە و پێکدێت لە رێستۆرانت، کافێ شۆپ، کەپری گەشتیاری، بەنزینخانەو شوێنی ششتنی ئۆتۆمبێل دروستدەکرێت، ئەوەی دیکەیان لە سەر رووباری سیروان پرۆژەیەکی فراوانی گەشتیاری دروستدەکرێت” هێرش فەیزوڵڵا، وای وت.

بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان، ئەوەشی خستەڕوو کە بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە، کاریگەری زۆر لەسەر پێشخستنی سێکتەری گەشتوگوزار دروست دەکات.