نۆژەن دەکرێتەوە

لە رەمەزاندا بەتەمای مزگەوتی گەورەی سلێمانی مەبن

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

مزگەوتی گەورەی سلێمانی لەژێر کاری نۆژەنکردنەوەدایە، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی دەڵێت، لە رەمەزاندا تەواو نابێت و بە رووی سەردانکەرانیدا ناکرێتەوە.

لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە کاری نۆژەنکردنەوە لە مزگەوتەکەدا دەستیپێکردووە، بەڵام بە وتەی بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی هێشتا کارکردنی زۆری تێدا ماوە.

هاوژین رەئوف، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، هیچ شوێنێکی نوێ بۆ مزگەوتی گەورە دروست ناکرێت، تەنیا ئەوەی پێشتر هەبووە هەمووی نۆژەن دەکرێتەوە، دەرەوە و ناوەوەی دەخرێتەوە سەر شێوازە کەلەپوورییەکەی کە هەبووە.

وتیشی، “نازادنرێت کەی تەواو دەکرێت چونکە کاری زۆری ماوە و تیمەکان بەردەوام کاری تێدا دەکەن”.

نۆژەنکردنەوەکە گەشتووەتە ئاستێک کە بەتەواوەی مزگەوتەکە داخراوە و پێشتر دەستشۆرەکانی کراوەبوون ئێستا ئەوانێش داخراون و لە ناوەوە و دەرەوە کاری تیادا دەکرێت.

مزگەوتەکە لەناو 700 مزگەوتی شاری سلێمانیدا تەنیا دانەیە بووبێتە شوێنەوار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەر ماڵپەڕی پارێزگای سلێمانی تۆمار کراون، مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی لە ساڵی 1785، واتا ساڵێک دوای بونیادنانی شاری سلێمانی دروستکراوە.

بەگوێرەی بڕگەی حەوتی مادەی یەکی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2021ی پەرلەمانی کوردستان، کە تایبەتە بە بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان، هەر شوێنێک مێژووەکەی لە 200 ساڵ کەمتر نەبێت دەبێتە شوێنەوار.