وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا: باج بە ئێران مەدەن

964+

شانیا بێستون

ئەمڕۆ هەینی 1-5-2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی تەواووی ئەو کۆمپانیایانە کرد، کە کەشتییەکانیان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕدەبێت، هۆشدارییەکە سەبارەت بە پێدانی باجە بە ئێران، بە مەبەستی تێپەڕبوون بە شێوەیەکی سەلامەت بە گەرووی هورمزدا، داوا دەکات بە هیچ جۆرێک باج بە وڵاتەکە نەدەن و سەرپێچیکردنی بڕیارەکە رووبەڕووی سزایان دەکاتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە نوێترین هۆشداریدا رایگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک باج بە ئێران نەدەن بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا، ئاماژەی بەوەشکردووە رازینابن ئەگەر پارە دانەکە لە شێوازی خێرخوازیدا بێت بۆ وڵاتەکە.

لە ماوەکانی رابردوودا تاران بەچەند شێوازێکی جیاواز داوای باجی کردووە بۆ تێپەڕبوون لە گەرووەکە، لەوانەش دراوی کاش، دراوی ئەلکترۆنی کریپتۆ و ئاڵوگۆڕی کاڵا بە کاڵا، ئەمریکا دووپاتی دەکاتەوە جۆری مامەڵەکە گرنگ نییە و بەخشینی باج رێگەپێدراو نییە.

ئەم هۆشدارییەی گەنجینەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، تاران داوای باجی تێپەڕبوون دەکات بە گەرووی هورمزدا، چونکە یەکێکە لە رێڕەوە ستراتیژییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی گاز و نەوتی خاو.