دیمه‌نێك له پاشماوه سووتاوه‌كانى بازاڕى له‌نگه‌ى هه‌ولێر... وێنه: راگه‌یاندنى شاره‌وانى هه‌ولێر
10 تیم خه‌ریكن
خاوێنكردنه‌وه‌ى بازاڕى له‌نگه شه‌ش رۆژى دیكه‌ى پێویسته
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له دوێنێوه 10 تیم خه‌ریكی پاككردنه‌وه‌ى ناو بازاڕى له‌نگه‌ى هه‌ولێرن، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شی خزمه‌تگوزاریش ده‌ڵێت، كاره‌كه قوڕسه و شه‌ش رۆژى دیكه‌یان پێویسته تا خاوێنكردنه‌وه‌كه‌ى ته‌واو ده‌كرێت.
دوای ئەوەی شەوی 27ـى ئه‌م مانگه بازاڕی لەنگەی کۆنی هەولێر رووبه‌ڕووى ڕووداوێکی ئاگر کەوتنەوە بووه‌وه، زیانێکی زۆری مادی لێکەوتەوە و به‌شێكى زۆرى دوكانه‌كانیش سووتاون.
عومه‌ر تۆفیق، به‌ڕێوه‌به‌رى خزمه‌تگوزارى له كۆمپانیاى گوڵزارى شار، كه له‌لایه‌ن شاره‌وانى چوارى هه‌ولێره‌وه ئه‌ركى خاوێنكردنه‌وه‌ى له‌نگه‌یان پێسپێردراوه، به 964ـى وت، كارى خاوێنكردنه‌وه‌ى بازاڕه‌كه قوڕسه و له‌دوێنێوه ده‌ستیان پێكردووه و شه‌ش رۆژى دیكه‌شیان پێویسته تا به ته‌واوى خاوێنی ده‌كه‌نه‌وه.
وتیشی “به 10 تیمى كارمه‌ند و ته‌واوى ئامێره‌كانمان له به‌یانییه‌وه تا دره‌نگانى شه‌و خه‌ریكی خاوێنكردنه‌وه‌ین”.
تیمەکان لە رێگه‌ی دوو شۆفڵ و هه‌شت قەلاب و پێنج ئامێرى بۆب کات، خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ى پاشماوە سووتاوەکانی ئه‌م بازاڕه‌ن و ته‌واوى ئه‌و پاشماوانه‌ش بۆ زبڵخانەی کانی قڕژاڵە ده‌گوازنەوە .
به قسه‌ى ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره دواى ته‌واوبوونى خاوێنكردنه‌وه‌ى بازاڕه‌كه، تیمه‌كانى چاككردنه‌وه‌ى كاره‌با ده‌ست چاككردنه‌وه‌ى سیستمى كاره‌با ده‌كه‌ن.
ئێواره‌ی سێشه‌ممه 27.2.2024 ئاگر له بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر كه‌وته‌وه، كه زیانێكی زۆری به بازاڕه‌كه گه‌یاند، ئاگره‌كه دوای دوو كاتژمێر 40 خوله‌ك كۆنتڕۆڵ كرا و زیانێكی زۆر به كاسبكارانی بازاڕه‌كه گه‌یاند.