لەلایەن شاخەوانانەوە

لە بەرزیى 1452 مەتر تابلۆی لووتکەى سەرى گورگە دانرا

وریا فەتاح

لەلایەن تیمى شاخەوانیى دەستەى شاخڕەوى قەیوان، لە بەرزى هەزار و 452 مەتر، تابلۆى لووتکەى سەرى گورگە دانرا، ئەوەش دواى نۆ سەعات لە رێکردن بەرەو گەیشتن بە دواخاڵى لوتکەکە.

ئاریان شکاک، لێپرسراوى کارگێڕى یەکێتیى شاخەوانانى کوردستان قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”دوێنێ هەینى، وەک دەستەی شاخڕەوی قەیوان روومانکردە گوندی سەرگەڵوو بە مەبەستی دانان و جێگیرکردنی تابلۆی لووتکەی سەری گورگە، چونکە نەمان بینیوە تا ئێستا کەس گەیشتبێتە سەرى لووتکەکە.

بە وتەى ئاریان شکاک، نۆ کاتژمێریان پێچووە تا گەیشتوون بە خاڵى کۆتایى لووتکەکە، چونکە وەک دەڵێت، دواى ئەوەی گەیشتنە نزیک لووتکەکە، زیاتر لە نۆ مەتر ئاستەنگی و دیوار هاتە پێش و بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشتریان و بوونی کەلوپەلی پێویست، بڕیاریاندا بەردەوامبن بەدانانی سەفحە و رۆڵکوت و دانانی خاڵی جێگیر.

ئاشکراشى کردووە، دواى تەواوکردنى کارەکان توانیان بگەنە لووتکەکە و تابلۆکە لە بەرزترین خاڵی ئەو چیایە جێگیر بکەن.

“رێڕەوی سەرکەوتن لە خاڵی دەستپێک تا کۆتایی بە بەرنامەی GPS TRACKER هەڵگیراوەتەوە و بەلێدانی هێما سەرجەم شوێنەکان تا لووتکە دیاری کراون و تەواو ئامادەکراوە بۆ هەرکاتێک شاخەوانان بچنە سەر ئەو لووتکەیە”، ئاریان شکاک واى بە 964 وت.

لوتکەى سەرى گورگە، شاخێکى سەربەخۆیە و دەکەوێتە پشتى گوندى سەرگەڵوو، لە پشتى بارەگا کۆنەکانى پێشمەرگە و بەناو گوندى بەرگەڵودا دەتوانیت بۆ لووتکەکە سەرکەویت.