لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستان:
“مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌شی یه‌كێتییه وه‌رزشییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی وه‌رزش ناكه‌ین”
شیراز عه‌بدوڵا
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه لیژنه‌ی ئۆڵمپیی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوێستی خۆیان به‌رامبه‌ر كردنه‌وه‌ی به‌شی یه‌كێتییه وه‌رزشییه‌كان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی وه‌رزش ده‌ربڕی و رایانگه‌یاند، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌شه‌كه‌دا ناكه‌ن.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له هه‌ولێر، موئه‌یه‌د مه‌غدید جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستان رایگه‌یاند، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین و به‌و پێشهاته رازیی نین، كه به‌شی یه‌كێتییه وه‌رزشییه‌كان له ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی وه‌رزش كراوه‌ته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، پێیان وایه هه‌ڵه و خه‌له‌ل له‌و بابه‌ته‌دا هه‌یه و ئه‌مه بچووككردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی ئۆڵمپییه و یاساش به‌م شێوه‌یه جێبه‌جێ ناكرێت.
له رۆژانی رابردوو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی به‌شی یه‌كێتییه وه‌رزشییه‌كان له ناو هه‌یكه‌لی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی وه‌رزش دا و نووسراوی فه‌رمی پێده‌رچوو، ئه‌مه بووه‌ته جێی ناڕه‌زایی لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستان، كه ئه‌وان سه‌رپه‌رشتی كار و چالاكییه‌كانی یه‌كێتییه وه‌رزشییه‌كان ده‌كه‌ن.
داڕشتنه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا