هێشتا زه‌وى مینڕێژ و ناوچه‌ى مه‌ترسیدار ماون
دەزگای مین ئاماده‌یه كارئاسانى بۆ كۆمپانیا بیانییه‌كان بكات
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
دەزگای گشتیی مین، داواى له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى تۆمارکردنی کۆمپانیاکانى هه‌رێم كرد، هه‌ر كۆمپانیایه‌كى بیانیى تایبه‌ت به مین و ته‌قه‌مه‌نى بێته هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وان هاوكار و كارئاسانى بۆ ده‌كه‌ن.
عه‌لى محه‌مه‌دئه‌مین میران، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌كنیكی ده‌زگاى مینى هه‌رێم به 964ـى وت، ئێستا سێ كۆمپانیای بیانى و چه‌ند رێكخراوێكى تایبه‌ت به كاروبارى مین و ته‌قه‌مه‌نى له هه‌رێمی كوردستاندا كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كۆمپانیاى دیكه بیه‌وێت بێته هه‌رێم و ئه‌و كاره بكات، ئه‌وان كارئاسانى و هاوكاری ده‌كه‌ن.
وتیشی ” له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى تۆمارکردنی کۆمپانیاکان له هه‌رێم، ئاماده‌ییمان ده‌ربڕى ئاسانکاری زیاتر بکرێ بۆ کۆمپانیا بیانییەکان تا وەبەرهێنانی زیاتر لە بوارى مین له هەرێمی کوردستاندا ئەنجام بدەن”.
به پێی ئامارێكی ده‌زگاى كاروبارى مین له هه‌رێمی كوردستان، له سنوورى هه‌ریه‌ك له پارێزگاكانى هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆك، هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌ى گه‌رمیان رووبه‌رى 183 كیلۆمه‌تر دووجا زه‌وى پیسبوو به مین و 72 كیلۆمه‌تر دووجاش رووبه‌رى ناوچه‌ى مه‌ترسیدار هه‌یه.
هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئاماره، پێنج قه‌زاى پیسبوو له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان دیاریكراون، ئه‌وانیش بریتیین له شارباژێر به رووبه‌رى 37 كیلۆمه‌تر دووجا و پێنجوێن به رووبه‌رى 26 كیلۆمه‌تر دووجا، سۆران به رووبه‌رى 22 كیلۆمه‌تر دووجا و چۆمان 21 كیلۆمه‌تر دووجا، هەروەها قه‌زاى هه‌ڵه‌بجه‌ش به رووبه‌رى 12 كیلۆمه‌تر دووجا.