گۆمەسپان زۆرى ماوە
بەنداوى دوکان 88%ـى پڕبووە
وریا فەتاح
ئەمڕۆ چوارشەممە 29.4.2026، بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى کە بەرپرسى یەکەمە لە گلدانەوە و بەردانەوەى ئاوى بەنداوەکانى هەرێم، بە 964ـى وت،”هەموو بەنداوەکانى هەرێم سەرڕێژ بوون جگە لە دوکان”.
بەنداوى دوکان 6.8 ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێتن بەپێى دواین ئامارەکان کە دەست 964 کەوتوون، تا ئەمڕۆ 29.4.2026، بەنداوەکە 5 ملیار و 982 ملیۆن مەترسێجا ئاوى تێدایە، لەبەرامبەردا تەنیا 817 ملیۆنى ماوە بۆ سەرڕێژ بوون.
بەم شێوەیە، بەنداوەکە 88% ئاوى تێدایە و 12%ـى ماوە بۆ ئەوەى بیلماوسەکە سەرڕێژ ببێت.
بەنداوەکە 511 مەترە لە ئاستى رووى دەریاوە، ئێستا 507 مەتر و 56 سانتیم ئاوى تێدایە، واتا سێ مەتر و 44 سانتیمەترى ماوە.
هەرچەند بێگەرد تاڵەبانى وتى،”جگە لە دوکان هەموو بەنداوەکانى دیکە سەرڕێژ بوون”، بەڵام بەپێى داتاکان بەنداوى گۆمەسپان کە زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، تا ئەمڕۆ تەنیا 25 ملیۆن مەترسێجا ئاوى تێدایە و 75 ملیۆنى دیکەى ماوە بۆ سەرڕێژ بوون.