ئاگاتان لە منداڵەکانتان بێت
پۆلیسی راپەڕین دایکان و باوکان هۆشیاردەکاتەوە: ئاگاداری ئەم قومارکردنە بن
964+
فەرهاد حەسەن
پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین هۆشیارکردنەوەیەکی بۆ هاوڵاتیانی سبنوورەکەی بڵاوکردووەتەوە بە هۆی بڵاوبوونەوەی هەندێک بەرنامە ئەپی ناو موبایل، داوایان لێدەکات ئاگاداری منداڵەکانیان بن بەم بەرنامانە فریونەدرێن
پۆلیس دەڵێت، بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاو بەرفراوانبوونی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا، ئاگاداری هاونیشتمانیانی سنوری ئیدارەی راپەڕینی کردووەتەوە، کە ماوەیەکە چەند بەرنامەیەک یاخود ئەپی تایبەت لە ناو خەڵک بڵاوبوونەتەوە کە دیارترینیان بەناوی (ئاریان بێت -1 xbet ←وەن ئێکس بێت- بابلێۆن) و هاوشێوەکانیان کە ئاسانکاری دەکات هەرکەس لە رێگەی موبایلەکەی خۆیەوە دەتوانێ بچێتە ناو ئەو بەرنامە و هەژماری تایبەت بەخۆی بۆ دەکرێتەوە.
باس لەوەدەکات “کاتێک دەچیتە ناو بەرنامەکە کۆمەڵێک هەڵبژاردەت پێدەدات، ئینجا بۆئەوەی بچیتە ناو قوڵایی بەرنامەکە، وات لێدەکات بتوانی پارە داخڵی ئەو بارنامەیە بکەی لەڕێی هەر هەژمارێکی بانکیەوە کە خۆت هەڵی دەبژێری، دواتر سەرنجت رادەکێشێت بۆ کۆمەڵیک یاری کە لەبنەڕەتدا یاریەکان یاری قومارن لە شێوەی رۆڵێت، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی تەواوی ئەو بڕە پارەیەی تۆ داخڵت کردووە”.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، کە لەناو ئەو بەرنامەیە پێشبینی یاریە وەرزشیەکان دەکرێت بە هەموو جۆرەکانیەوە و دیارترینیان یاری دوو گۆڵیەکانە و ئەمانیش بە فێڵ و لێ نزیکبوونەوە لە وەرگرتنی پێشبینیکردنی تۆ بۆ دەرەنجامی یاریەکان، سەرئەنجام دەبێتە هۆی لەدەستدانی تەواوی ئەو بڕە پارەیەی داخڵت کردووە بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەی و هەژماری بانکیەکەت مایەپوچ دەبێت.
داوا لە دایکان و باوکان دەکات، چاودێربن بەسەر منداڵاکانیانەوە بەتایبەت گەنجان و تازە پێگەیشتوان و ئەوانەی مۆبایلی زیرەکیان لەبەردەستدایە و بۆئەوەی فریونەدرێن لەلایەن ئەو بەرنامە ساختەکاریانە چونکە دەبێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی خێزانی و له دەستدانی سەرجەم ئەو بڕە پارەیەی کە داخڵی ئەو بەرنامانەی دەکات.