سێ رۆژی ماوە

بەرات بازاڕی سلێمانی شیرین کردووە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

ئەم رۆژانە کاتێک دەچیتە ناوبازاڕی سلێمانی و بە هەر کوچە و شەقامێکدا دەڕۆیت گوێت لە وشەی بەرات دەبێت، کە لە لایەن ئەوانەوە بەردەوام دەوترێتەوە کە نوقڵ و چوکلێت دەفرۆشن.

بە گشتی بەرات 15 شەو پێش مانگی رەمەزان بەڕێوەدەچێت و هەندێ ساڵ دەبێتە 20 رۆژ، منداڵان شەوی بەرات بە ماڵاندا دەگەڕێن و نوقڵ و شیرینی کۆدەکەنەوە.

بەرات بەبۆنەیەکی ئایینی ناسراوە و لەناو کولتووری کوردیدا وەک بۆنەیەکی پیرۆز سەیر دەکرێت.

قادر عەبدوڵا، یەکێک بوو لەوانەی لەناو بازاڕی سلێمانی سەرقاڵی فرۆشتنی نوقڵ و شیرینی بوو و زوو زوو هاواری دەکرد بۆ بەرات نوقڵ بەرەوە و منداڵان بێهیوا مەکە، ئەو بە 964ی راگەیاند، ئەمساڵ بەشێوەیەکی گشتی بازاڕیان خراپە و وەک بەراتی ساڵانی رابردوو نییە.

وتیشی، “هێشتا خەڵکێکی زۆر پابەندن بە بەڕێوەبردنی بۆنەکەوە، بەڵام بێ موچەیی و خراپیی بارودۆخیان وای کردووە تەنانەت نوقڵیش کەم بکڕن، یان کە دەیکڕن هەرزانترینیان دەکڕن”.

ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان شەوی شەممە 24.2.2024 وەک شەوی بەرات دیاریکراوە.

سەعدییە ئیسماعیل، تەمەن ٦٥ ساڵ و دانیشتووی گەڕەکی سەروەری لە شاری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بەرات زیاتر لە سلێمانی بایەخی پێدەدرێت و بەڕێوەدەبرێت و بەشێوەیەکی کەمەتر لە شارەکانی دیکە دەبیندرێت.

وتیشی، “ساڵەهایە ئەو شەوی بەراتە هەر هەبووە و تا ئێستاش ماوەتەوە و هەر بەردەوامیش دەبێت”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

گوندێک جەژن بۆ هاتنەوەی حاجی لەقلەقەکان دەگێڕێت

گوندێک جەژن بۆ هاتنەوەی حاجی لەقلەقەکان دەگێڕێت