ده‌ڵێن "ژینگه‌ى تێكداوه‌"

شاره‌وانیى كۆیه‌ كۆمپانیایه‌كى كامێراى چاودێرى داوه‌ته‌ دادگا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

شاره‌وانیى قه‌زاى كۆیه‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ى داوه‌ته‌ دادگا، كه‌ ماوه‌ى نزیكه‌ى دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر كامێراى چاودێرى له‌و قه‌زایه‌ دانا و سه‌رۆكى شاره‌وانیش ده‌ڵێت، ژینگه‌ى تێكداوه‌.

كۆمپانیاكه‌، له‌ دوو شوێنى ئه‌و قه‌زایه‌ كامێراى جێگیر كردووه‌، یه‌كه‌میان له‌ شه‌قامى ئیسكان و دووه‌میش له‌ هه‌یبه‌ت سوڵتان، بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ى شاره‌وانى ده‌ستكارى سه‌وزایی كردووه‌ و دارى هه‌ڵكه‌ندووه‌.

محه‌مه‌د میرحاج، سه‌رۆكى شاره‌وانیى كۆیه‌ به‌ 964ـى وت، ماوه‌یه‌كه‌ ئه‌و داوایه‌یان له‌سه‌ر كۆمپانیاكه‌ له‌ دادگا تۆماركردووه‌، چونكه‌ له‌ كاتى دانانى كامێراكانى چاودێرى، پابه‌ندى رێنماییه‌ ژینگه‌ییه‌كان نه‌بووه‌.

وتیشی “فریز و سه‌وزاییه‌كانى ئه‌م دوو شوێنه‌ى هه‌ڵته‌كاندووه‌ و چه‌ند دارێكیشی هه‌ڵكه‌ندوون، سیستمى ئاودانى پچڕاندووه‌، ئه‌مه‌ش به‌پێی رێنمایی سزاى له‌سه‌ره‌”.

روونیكرده‌وه‌، هه‌ر ده‌ستكاریكردنێكی ژینگه‌ پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌ری ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام ئه‌م كۆمپانیایه‌ ره‌چاوى ئه‌و رێنماییانه‌ى نه‌كردووه‌.

به‌ قسه‌ى سه‌رۆكى شاره‌وانى، رێكاره‌كانى دادگاییكردنى ئه‌م كۆمپانیایه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت و پێویسته‌ ئه‌م كۆمپانیایه‌ سزاى پێبژاردنى ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ى بدات.

"كامێراكانى چاودێرى كۆیه‌ هه‌ڵه‌ ناكه‌ن"