تەرمی منداڵێک دەرهێنراوە

ئۆتۆمبێلێک کەوتە خوارەوە و خێزانێکى چوار کەسى خنکاند

وریا فەتاح

بەهۆى کەوتنە خوارەوەى ئۆتۆمبێلەکەیان لە پردى خالد لە بەسرە بۆ ناو شەتولعەرەب، خێزانێکى چوار کەسى گیانیان لەدەستدا و تائێستاش تەنیا تەرمى منداڵێک دەرهێنراوە.

ئیحاب خاتێر، یەکێک لە شایەدحاڵەکانى رووداوەکە قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ئەوەى بینیمان ئۆتۆمبێلێکى جۆرى جێپ دواى ئەوەى بەهۆى خۆکێشان بە راگرەکانى پردەکە، لە لوتکەى پردى خالدەوە کەوتە خوارەوە.

964 زانیویەتى، لە رووداوەکەدا چوار کەس کە ئەندامى یەک خێزانن خنکاون و تیمەکانى بەرگرى شارستانیش تەنیا توانیویان تەرمى منداڵێکى نۆ ساڵان دەربهێننەوە.

تائێستا گەڕان بۆ دۆزینەوە تەرمی سێ کەسەکەی تر بەردەوامە، ئەمەش دوای تێپەربوونى نزیکەى دوو کاتژمێر لە کەوتنەخوارەوەى ئۆتۆمبێلەکە.